دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە پارەی باجەکان لە بانکی رافیدەین دیار نەماوە، ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی پارەکە دەکەن.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کاتەی وەزیری دارایی بووە بەوەکالەت، لێکۆڵینەوەی کردووە لە دزینی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری عێراقی، کە دەکاتە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لە پارەی باج لەلایەن گروپێکی دیاریکراو، لە بانکی رافیدەین و ئەنجامەکەشی رادەستی لایەنە پەیوەنیدارەکان و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە.
لەبارەی دیارنەمانی ئەو پارەیە، وەزارەتی دارایی عێراقی بڵاویکردەوە کە لە رێکەوتی ١٠ی ئەم مانگە بە نھێنی نوسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، بڕی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دیناری عێراقی لە ئەمیندارێتی باجەکانی بانکی رافیدەین براوە و داوای کردووە لێکۆڵینەوەی پێویستە لە رووداوەکە بکرێت.
ھاوکات محسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، نابێت دیارنەمانی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە بانکی رافیدەین بە ئاسانی تێبپەڕێت، بەڵێنیشیدا لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکات کە تێوەگلاون لە دزینی ئەو بڕە پارەیە و راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەڵوێستی توندیان دەبێت.
