نوێترین

recent

16/10/2022

ئەوەی لەبارەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە نەتزانیوە



ووردە کاری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر 

بارودۆخی کەرکوک لە پێش ریفراندۆم تا ١٦ی ئۆکتۆبەر

راپۆرت: دەسەڵاتی چوارەم

پاش داگیرکردنی ناوچە سونیەکانی عێراق لەلایەن داعشەوە بۆ یەکەمجار بوو کورد بەتەواوەتی کۆنترۆڵی کەرکوک و دەوروبەری بکات، لەگەڵ دەستپێکی شەڕ لەگەڵ داعش، پارتی و یەکێتی سنورەکانی کەرکوکیان لەگەڵ داعش دابەشکرد بۆ دوو میحوەر. 
میحوەری پێنج لە ناوچەکانی دوبزوپردێ و سنوری مەخمورەوە تا باجوان و سمایل ئاواو و مەلا عەبدوڵا بوو پارتی سەرپەرشتی دەکرد و کەمال کەرکوکی بەرپرسی میحوەرەکە بوو.
میحوەری چوار کە لە تەلوەردەوە بۆمەکتەب خالید و حومێرەو مریەم بەگ دەستی پیدەکرد تا سنوری باشوری کەرکوک و وەستا ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی سەرپەرشتی دەکرد.
پاش ئەوەی بڕیاردرا لە ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ ڕیفراندۆم لە ھەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان بکرێت، پرسی کورسی سەرۆکایەتی ھەرێم بەتەواوەتی نێوانی ھێزەکانی ھەرێمی خراپ کردبوو، گۆڕان لە پۆستەکانی دەرکرابوو و یەکێتیش بە دوو ئاڕاستەدا دابەش بوو بوو، ئاڕاستەیەکی نزیک لە پارتی کە لەگەڵ ڕیفراندۆم بون و ئاڕاستەیەکی تر بەتەواوەتی دژی بوون، بە تایبەت لەکەرکوک. پارتی پێشتر بێ گەڕانەوە بۆ یەکێتی کێڵگە نەوتیەکانی بای حەسەن و ھافانەو خەبازی خستبووە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەرپرسانی یەکێتی لە کەرکوک لەمە نیگەران بوون و نەجمەدین کەریمی پارێزگاریان تۆمەتبار دەکرد بە شەریکی لەگەڵ پارتیداو تەنانەت ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەوکاتی یەکێتی لە نامەیەکدا بۆ حەیدەر عەبادی لە ٩ی ئابی ٢٠١٦ بەناوی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە ناڕەزای دەربڕی لە فرۆشتنی نەوتی کەرکوک بێ پرسی یەکێتی لە لایەن پارتییەوە. کاتێک بڕیاری ڕیفراندۆمیش دەدرێ یەکێتی دابەش دەبێت بەسەر دووبەرەی جیاوازدا، کە نەخشی ئەم جیاوازیە لە ریفراندۆمەوە دیاردەبێت تا لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگاتە لوتکە.

پانۆڕامای ڕۆژانی بەر لە ڕیفراندۆم لەکەرکوک
لەسەرەتای مانگی ئەیلول ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆبونەوەک سازدەکات و ڕیفراندۆم پرسی سەرەکی کۆبونەوەکە دەبێت، ئاسۆ ئەڵمانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی ئەو کات یەکەم کەس دەبێت لەکۆبوونەوەکە مەترسی لەدەستدانی کەرکوک بەھۆی ڕیفراندۆمەوە دەخاتە ڕوو، دواتر مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی کۆبونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدات و سەرجەم پەرلەمانتارانی کەرکوکی یەکێتی و نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا ئامادەی دەبن و بە تێکڕای دەنگ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکەرکوک ڕەتدەکەنەوەو یاداشتێک دەدەنە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم. دواتر ئاسۆ ئەڵمانی لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک بە دکتۆر نەجمەدین پارێزگاری کۆچکردووی کەرکوکدا کە تاکە بەرپرسی یەکێتی دەبێت لە کەرکوک لەگەڵ ڕیفراندۆم دەبێت وپەیوەندی لەگەڵ بارزانی بەھێز بوو، بەناوی ھەموو مەڵبەندەوە پەیامێک بۆ بارزانی دەنێرن وداوا دەکەن ریفراندۆم لە کەرکوک نەکرێت، پاشان دکتۆر نەجمەدین بە ئاسۆ مامەند ڕادەگەیەنێت ڕیفراندۆم لەکەرکوک ناکرێت و بۆیە بە ئاشکرا ئیعلانی ناکەن تا وەکو فشار لەسەر عێراق و وڵاتانی زلھێز بەکاری بھێنن تا دەسکەوتی زیاتر بەدی بھێنن. دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیارو سەعدی پیرە،‌ ئاسۆ مامەند ئاگادار دەکەنەوە کە ریفراندۆم لە کەرکوک ناکرێت. 
ڕۆژانی دواتر لەسەری ڕەش کۆبونەوەیەکی تر ئەنجام دەدرێت وھەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ و بافڵ تاڵەبانی و سەعدی پیرەو قوباد تاڵەبانی وسەڵاحەدین بەھائەدینو محەمەدی حاجی مەحمود و نەجمەدین کەریم و ئاسۆ ئەڵمانی ئامادەدەبن. لەو کۆبونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی بە ئاسۆ مامەند دەڵێت، "پێویست ناکات تۆ قسە بکەیت، ریفراندۆم بە ھیچ شێوەیەک لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان ناکرێت، لەبەر ئەوەی ئێستا ئیعلان ناکرێت تا وەکو فشار بەکار بھێنرێت". چەند ڕۆژێک دواتر کۆسرەت ڕەسوڵ جێگری ئەوکاتی بارزانی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی داوا لە مەڵبەندی کەرکوک دەکات خۆپیشاندانێکی جەماوەری بۆ پشتگیری ڕیفراندۆم لەسەرقەڵای کەرکوک ڕێکبخەن و مەرجی گروپی کەرکوکی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ سازدانی ئەو گردبوونەوەیە ئەنجامنەدانی ڕێفراندۆم لە کەرکوک دەبێت، کۆسرەت ڕەسوڵ گرەنتیان دەداتێ کە بە ھیچ شێوەیەک ڕیفراندۆم ناکرێت لەو شارە. پاشان گروپی سەرکردایەتی کەرکوکی یەکێتی کە ئاسۆ مامەند ڕێبەرایەتیانی دەکرد بە چەند ڕۆژێکی کەم پێش ٢٥ی ئەیلول ھەست دەکەن لە پشت پەردەوە کار بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکەرکوک دەکرێ. 
ڕۆژی ٢٣ی ئەیلول دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم گروپی کەرکوکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕەوەند مەلا محمود ڕادەسپێرن لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان کۆ ببێتەوە وپارتی بەشداری کۆبونەوەکە ناکات وناتوانن کۆدەنگی حیزبە کوردستانیەکانی کەرکوک بەدەست بھێنن و بۆ شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی ئەیلول کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕێک دەخەن تەنھا نەجمەدین کەریم بەشدار نابێت و بڕیار دەدەن بەیاننامەیەک دەربکەن و رێگری لە ریفراندۆم بکەن لە کەرکوک. ھەمان شەو کۆسرەت ڕەسوڵ پەیوەندی بەئاسۆ مامەندەوە دەکات و پێی دەڵێت دەرکردنی بەیاننامەیەکی لەو شێوەیە دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕ لەکەرکوک وبەڵێن دەدات بە بڕیاری ڕیفراندۆمدا لەکەرکوک بچنەوە. ھەر ھەمان شەو نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە نەجمەدین کەریم و ئاسۆ مامەندەوە دەکات و داوای ڕاگرتنی بەیاننامەکە دەکات و دەڵێت کۆبونەوەیەک بۆ سبەینێ ڕێک دەخەین لە سەر ئەو پرسە.
بۆ ڕۆژی ٢٤ی ئەیلول لە سەری ڕەش کۆبونەوەیەک سازدەدرێت و لەکەرکوکەوە نەجمەدین کەریم و ئاسۆ مامەند وکاکە رەش سدیق و محەمەد خورشید و رێبو‌ارتاڵەبانی ئامادەی دەبن و بریاری کۆتای ڕیفراندۆم لەکەرکوک دەدرێت و ھەرچەندە گروپی سەرکردایەتی کەرکوک دژی دەبن وھەست دەکەن ئەو بەڵێنەی پێیان دراوە نەبراوەتە سەر، بارزانیش بۆ ڕێگری لەو گروپەی سەرکردایەتی کەرکوک کۆسرەت رەسول لەو کۆبونەوەیەدا دەکاتە سەرپەرشتیاری ریفراندۆم لەکەرکوک؛ لێرەوە درزێکی گەورە دەکەوێتە نێوان کۆسرەت و سەرکردایەتی کەرکوک و ئەو بێمتمانەییە لە ڕۆژانی دوای ڕیفراندۆم تا ١٦ی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێ، بەو پێیەی کۆسرەت ڕەسوڵ دوو لیوای لە ناو کەرکوک دەبێت و پشتگیری پارتی دەبێت گروپی سەرکردایەتی کەرکوک بیر لە بژاردەی ڕێگری لە ڕیفراندۆم ناکەنەوە پێیان وا ئەبێت دەبێتە ھۆی پێکدادانی چەکداری لەگەڵ ھێزەکانی کۆسرەت و پارتی،و رۆژی ٢٥ی مانگ ھاوشێوەی ھەرێم ڕیفراندۆم لەکەرکوک ئەنجام دەدرێت .

دوای ڕیفراندۆم چی ڕوویدا
لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٧ی ئەیلول حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق ڕایگەیاند یاسا ئەسەپێنین بەسەر ناوچە جیناکۆکەکان و دەیانگەڕێنینەوە بۆ ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵی، ڕۆژی دواتر نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکوک وەڵامی دایەوە ورایگەیاند، "رێگا بە ھیچ ھێزێک نادرێت بێتە ناو کەرکوکەوە". 
لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە فشارێکی زۆری شەقامی عێراقی دژی ریفراندۆمی کورد دروست بوو،ھەرزوو عەبادی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم و کشانەوەی پێشمەرگەی کرد لە کەرکوک، پاشان تا دەھات فشاری ھەریەک لە تورکیاو ئێران لەسەر ھەرێم زیاتر دەبوو، لە دووی ئۆکتۆبەر جوڵە بە ھەردوو فیرقەی نۆ و پانزەی سوپای عێراق کرا بۆ دەوروبەری کەرکوک و فڕۆکەخانەی زەباع لەباشوری خۆرئاوای کەرکوک و نزیک ناحیەی ڕەشادیان کردە بارەگای ھەماھەنگی سەربازیان. لە رۆژی سێی ئۆکتۆبەر جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق و سکرتێری یەکێتی کۆچی دوای کردولە ڕۆژی ٦ی ئۆکتۆبەر تەرمەکەی گەیشتەوە سلێمانی و بەخاک سپێردرا، پێچانەوەی تەرمی تاڵەبانی بەئاڵای کوردستان و نەبردنی تەرمەکەی بۆ بەغداد بۆ مەراسیمی ماڵئاوای ئەوەندەی تر ھەرێم و بەغدای لێک دوور خستەوەو سەرۆک وەزیری ئەوکاتی عێراق حەیدەر عەبادی ئامادە نەبوو بێتە سلێمانی بۆ مەراسیمی بەخاک سپاردنی تاڵەبانی. فشارەکانی شەقامی شیعی و ڕاگەیاندنەکانیان ھێندەی تر توند بووەوە دژی کورد، ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبەر وەفدێکی ئێرانی پەیامێک دەدەنە بنەماڵەی تاڵەبانی کە پێویستە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق ھەڵبژێرێت و ھەمان ڕۆژ برێت مەکگۆرک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا پێشنیارێک دەداتە سەرکردایەتی کورد بریتی دەبێت لە تەسلیم کردنەوەی کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک بە حکومەتی فیدراڵی و گەڕانەوەی فیرقەیەکی سوپای عێراق بۆ سەربازگەی کەیوان لە کەرکوک وجێگیر کردنی دوو لیوای سکرتاریەت و سوپای عێراق لە کەیوان و فرۆکەخانەی کەرکوک و کشاندنەوەی پێشمەرگە لە ناو شارو ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی بە پۆلیسی شارەکە، پارتی پێشنیارەکە ڕەت دەکەنەوەو یەکێتی بە گونجاوی دەزانن، لە ناو یەکێتی ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و نەجمەدین کەریم لەگەڵ پێشنیارەکەی مەکگۆرک نابن و یەکێتی بەتەواوەتی دابەش دەبێت و بەمەش ھەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی بەجیا جوڵەکانیان دەست پێ دەکەن. 
شەوی نۆی ئۆکتۆبەر فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی دەگەنە نزیک کەرکوک و بۆ رۆژی نۆی ئۆکتۆبەر لیوای دووی کردە تایبەتیەکان دەگەنە ناحیەی ڕەشاد و ھەمان ڕۆژ سێ لیوای حەشدی شەعبی لە دیالەوە دەگەنە ناحیەی تازە و گوندی بەشیرلە باشوری کەرکوک وبۆ ڕۆژی دەی ئۆکتۆبەر لیوای بەرپەرچدانەوی خێرا و فیرقەی زرێپۆشی سوپای عێراق دەگەنە بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
 لەو کاتەدا ئەم ھێزانە لە ناوەوەودەوروبەری کەرکوک بوونی ھەبوو 
١- چەند لیوایەکی سەربە یەکەکانی حەفتا 
٢- دوو لیوای سەربە کۆسرەت ڕەسوڵ 
٣- ھێزێکی تایبەتی دژە تیرۆری یەکێتی
٤- چوار لیوای ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە 
٥- ھێزەکانی فەرماندەی پشتیوانی دوو (چەکی قورس)
٦- بەڕیۆەبەرایەتی ئاسایشی یەکێتی لەکەرکوک
٧- دوو لیوای بەرگری و فریاکەوتن 
٨- ھێزێکی تایبەتی مەڵبەندی یەکێتی (ھێزە ڕەشەکە)
٩- لیوایەکی پۆلیسی نەوت و گازی سەربە پارتی لە کێڵگە نەوتیەکان
١٠- چەند لیوایەکی یەکەی ھەشتا
١١- چەند یەکەیەکی فەرماندەی پشتیوانی یەک
١٢- بەڕیوەبەرایەتی ئاسایشی پارتی لەکەرکوک
١٣- چەند لیوایەکی زێرەڤانی لە نزیک دووبز 
١٤- ھێزێکی حیزبی سۆسیالیست بە سەرکردایەتی محەمەدی حاجی مەحمود
١٥- ھێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە سنوری میحوەری چوار
١٦- ھێزێکی پارتی ژیانی ئازاد بەسەرۆکایەتی حسێن یەزدان پەنا لە سنوری میحوەری پێنج
لە ڕۆژی دەی ئۆکتۆبەر حەیدەر عەبادی ڕایگەیاند سوپای عێراق دەگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر لێی بووە، ھەمان ڕۆژ بەرپرسانی یەکێتی لەکەرکوک رایانگەیاند ھاوپەیمانان چاودێری ڕەوشەکە دەکەن و نایەڵن بەریەککەوتن لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕووبدات، ھەمان ڕۆژ لیوای ١٦ی حەشدی شەعبی لە سنوری تازە لە باشوری کەرکوک بە تەواوەتی ھاتە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگەو ھەر لە ڕۆژی دەی ئۆکتۆبەر لە خانەقینەوە تا شنگاڵ حەشدو سوپای عێراق ھاتنە بەرامبەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، ھەمان ڕۆژیش وەفدێکی سەربازی ئەمەریکیەکان سەردانی بارەگای میحوەری چوار دەکات ولەگەڵ بەرپرسانی سەربازی یەکێتی کۆدەبنەوە، پێیان ڕادەگەیەنێت کە بارودۆخی سەربازی پێشمەرگەو سوپای عێراق نابەرامبەرە وپێویستە ڕێک بکەون و ھاوپەیمانان لەگەڵ بژاردەی شەڕدا نین. ھەمان ڕۆژ شاندێکی یەکێتی لە بەغدا دەبن لە پرسەی تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان دەکەونە گفتو گۆو بافڵ تاڵەبانیش لە سلێمانی بێ ئومید دەبێت لە کۆسرەت ڕەسوڵ و بەشێک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ ھەندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەوێتە گفتوگۆ. بافڵ تاڵەبانی ولاھور شێخ جەنگی بەبژاردەی ھاتنەوەی سوپای عێراق بۆ سەربازگەی کەیوان و کێڵگە نەوتیەکان ڕازی دەبن وبەمەرجێک سوپاو حەشد نەیەنە ناو شاری کەرکوکەوەویەکێتی دەسڵاتداری ناو شار بێت.
ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبەر عەبادی داوای ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم دەکات و پارتیش بەتەواوەتی ڕەتی دەکاتەوە، شەوی ١١ لەسەر ١٢ی ئۆکتۆبەر وەفدێکی یەکێتی کە دەگوترێت لاھور شێخ جەنگی سەرکردایەتی کردووە، لەگەڵ بەشێک لە فەرماندە سەربازیەکانی یەکێتی لەکەرکوک دەچنە فرۆکەخانەی سەربازی زەباع لە نزیک ناحیەی ڕەشاد و لەسەر پلانەکەی بافڵ تاڵەبانی ڕێکدەکەون کە بریتیی دەبێت لە کشانەوەی پێشمەرگە لە چواردەوری کەرکوک و گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ کەیوان و دروست کردنی ژووری ھەماھەنگی ھاوبەش و ئیدارەدانی ھاوبەشی کەرکوک.
بۆ بەیانی دواتر١٢ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە بەشێک لە سەنگەرەکان چۆڵ دەکات بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، بەدرێژای ھێڵی سەبعە نیسان و ئەلبونەجم و و بەشیرو مەنسوریە ومریەم بەگ و حومێرە تا نزیک گوندی بەشیرو چەرداخلی پێشمەرگە پاشەکشە دەکات و سوپاو حەشد دێتە شوێنی پێشمەرگە، ئەمە لە میدیاکان بڵاو دەبێتەوەو وەستا ڕەسوڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و لێپرسراوی میحوەری چوار ڕایدەگەیەنێت ئەوە تەنھا بۆ قایمکردنی سەنگەرەکان کراوەو پێشمەرگە کشاوەتەوە بۆ ھێڵی بەرگری کۆنکرێتی بەمەبەستی خۆپارێزی زیاتر. ھەمان ڕۆژ بەربەستی کۆنکرێتی سەر پردەکانی مریەم بەگ و تەلوەرد لادەبرێن لەلایەن پێشمەرگەوە، سوپای عێراق پلان دادەنێن ڕۆژی ١٣ی ئۆکتۆبەر دەست بە جوڵە بکەن بەرەوە کەیوان، بەڵام ئاراس شێخ جەنگی لەگوندی بەشیر گەڵیان دادەنیشێت و داوای مۆڵەتی دەکات و بە نێوەندگیری ئێرانیەکان و ھادی عامری ٤٨ کاتژمێر جوڵەکانیان دوا دەخرێت وئاراس شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە بۆ کەیوان و لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی لە کەرکوک و فەرماندە سەربازیەکانی یەکێتی کۆدەبێتەوە و پێیان ڕادەگەیەنێت کە دوای ٤٨ کاتژمێری تر سوپای عێراق دێت و بافڵ تاڵەبانی ئاگادار دەکاتەوە.
‌ ڕۆژی ١٤ی ئۆکتۆبەر بافڵ تاڵەبانی پشتگیری ٣٨ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بەدەست دەھێنێت لە کۆی ٥٠ ئەندام بۆ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حەشد و سوپای عێراق کە بریتی دەبێت لە گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆکەیوان و ھاتنی لیوایەکی پۆلیسی فیدراڵی بۆ کێڵگە نەوتیەکان و ئیدارەیەکی ھاوبەش لەکەرکوک ودانانی پارێزگارێکی یەکێتی لە شوێنی نەجمەدین کەریم. ھیچ ھێزێک نەلە پێشمەرگەو نەسوپای عێراق و حەشد داخلی کەرکوک نەبن، یەکێتی لەو کاتەدا بەنیاز دەبن ڕزگار عەلی بکەنە پارێزگار. ھەمان ڕۆژ فوئاد مەعسوم سەرکۆماری عێراق دەگەڕێتەوە کوردستان و پەیامی حکومەتی عێراق بۆ لایەنەکانی ھەرێم دەھێنێت، پاش ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی لە ھەڕەشە جدیەکانی حکومەتی عێراق ئاگادار دەکاتەوە و ڕۆژی ١٤ی مانگ وەفدێکی ئێرانی بە نوێنەرایەتی قاسم سولەیمانی بەسەرکردایەتی حاجی ئیقبالپور و ١٢کەس لە فەرماندەکانی حەشد و سوپا سەردانی بەرپرسانی یەکێتی دەکەن وداوا دەکەن بژاردەی شەڕھەڵنەبژێرن وکار لەسەر لێک تێگەیشتنەکەی بافڵ تاڵەبانی و عەبادی بکەن. کۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار و نەجمەدین کەریم و شێخ جەعفەر پێیان وادەبێت حکومەتی عێراق جدی نیە و ھاوپەیمانان ڕێگا نادەن بێنە ناو کەرکوکەوە، بۆ بەیانی ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەر دوای ٤٨ کاتژمێرەکە دیسان ئاراس شێخ جەنگی سەردانی سوپای عێراق و حەشد دەکاتەوە داوای ٤٨ کاتژمێری تر دەکات، بەڵام ڕازی نابن و ئاراز شێخ جەنگی پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەمڕۆ کۆبونەوەی سەرکردایەتی کورد لە دوکان ھەیە و لەسەر ڕەوشی کەرکوک بڕیار دەدرێت. ڕازی دەبن ٢٤ کاتژمێری تر ھێرشەکانیان دوا بخەن و دواتر ئاراس شێخ جەنگی نانی نیوەڕۆ لەگەڵ سوپای عێراق دەخوات و دوای نیوەڕۆ دەگەڕیتەوە کەیوان بۆ بارەگای میحوەری چوار. ھەمان ڕۆژ زانیاری ئەوە بڵاو دەبێتەوە کەیەکێتی ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق و ئێران کردووە بۆئەوەی کەرکوکی بەتەواوەتی ڕادەست بکرێت، لە کۆبونەوەکەی دووکان ھەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی ئامادەدەبن لەگەڵ فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق و کۆسرەت ڕەسوڵ و ھیرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی و چەند ئەندامێکی تری مەکتەب سیاسی یەکێتی، زانیاری ئەوە بە پاراستنی پارتی دەگات کە باڵێکی یەکێتی ئەیانەوێت وەفدی پارتی لە دووکان دەست بەسەر بکەن، وەیسی بارزانی بەرپرسی دژە تیرۆری پارتی ھێزێکی تر دەنێرێت لە چواردەوری دووکان بڵاوی دەکاتەوە ‌(ئەم زانیاریە عەمید سەرحەد قادر پشت ڕاستی کردووەتەوە)،لە ھەمان کۆبونەوە فواد مەعسوم پەیامی حکومەتی عێراق دەگەیەنێت کە ھەمان پلانی بافڵ تاڵەبانیە لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، بەڵام بارزانی و بەشێک لەیەکێتی ڕازی نابن بەھەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم و بافڵ تاڵەبانی پێشنیاری لێک تێگەیشتنی خۆی و عەبادی دەخاتە ڕوو بۆ بەڕیوەبردنی ھاوبەشی کەرکوک لەلایەن کورد وحکومەتی عێراقەوە، ئەمەش ڕەت دەکرێتەوە، دوای کۆبونەوەکە ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەلابەختیار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد ڕادەگەیەنن و دواتر ھەریەک لە ھادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی فەتح وعەبدولئەمیر یاروڵا فەرماندەی سوپای عێراق لەکەرکوک پەیوەندی دەکەنەوە بە ئاراس شیخ جەنگیەوە دەڵێن ئەوەی کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەی دوکان وەڵامی شەڕە نەک چارەسەرو ئیتر ناوەستین. ئاراس شێخ جەنگی بەفەرماندە سەربازیەکانی یەکێتی ڕادەگەیەنێت ئەمشەو سوپای عێراق ھێرش دەکات وسەرکردایەتی یەکێتیش لەکەرکوک بۆی ڕوون دەبێتەوە پارتی و کۆسرەت ڕەسوڵ و شێخ جەعفەر لەگەڵ پێشنیاری ڕێککەوتنەکەی بافڵ تاڵەبانیدا نەبوون لە کۆبونەوەکەی دووکان، لە دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارەوە بەشێک لە ھێزەکانی حەفتا و بەرگری و فریاکەوتن و ھێزەکانی پشتیوانی دوو پلانی کشانەوە دادەنێن و دەبابەو چەکە قورسەکان دەخەنەسەر بارھەڵگر، حەشدو سوپای عێراق لە خانەقینەوە تا شنگال دەکەونە حالەتی ئامادەکاری ھێرشەوە .

شەوی شانزەی ئۆکتۆبەر چی ڕوویدا
سەرلە ئێوارەی ١٥ لەسەر١٦ی ئۆکتۆبەر سوپای عێراق چوارئاڕاستەی دیاری کرد بۆ ھاتنە ناو کەرکوک. 
ئاڕاستەی یەکەم، بەرەو ڕێگای حەویجەوە بۆ گوندی عەتشانەو وادی ئیدریس ومەلا عەبدوڵا و پشتی کەیوان، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچانە سنوری میحوەری پێنج بوون و پارتی سەرپەرشتی دەکرد، جموجوڵەکان تاخیر بوون بۆ دەمەو بەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.
ئاڕاستەی دووەم، ڕێگای مەکتەب خالید بە ئاڕاستەی سەربازگەی کەیوان.
ئاڕاستەی سێیەم، لە ڕەشادەوە بەرەو پردی مریەم بەگ و بۆ فلکەی تکریت.
ئاراستەی چوارەم، لە ناحیەی تازەوە بۆ باشوری کەرکوک.
لە ١٢ی ئۆکتۆبەرەوە پێشمەرگە لە سنوری میحوەری چوار شەش لیوای لەوبەر پرۆژەی ئاوی کەرکوکەوە بوو دواتر کە کشانەوە بۆ ئەمبەری پڕۆژەکە تەنھا ھەردوو پردی مریەم بەگ و مەکتەب خالید ھەبوو شەوی ١٦ی ئۆکتۆبەر سوپای ھاتە سەر ھەردوو پردەکە و پێشمەرگە لە مەکتەب خالید دەکشێتەوە ویەکسەر سوپای عێراق دێنە شوێنی پێشمەرگە، لەو کاتەدا کەمال کەرکوکی بەرپرسی میحوەری پێنج پەیوەندی بە کۆسرەت ڕەسوڵەوە دەکات و لەسەر پاشەکشەکەی مەکتەب خالید کۆسرەت ڕەسوڵ بێ ئاگای خۆی دەر دەبڕێت، دواتر کەمال کەرکوکی سەردانی بارەگای میحوەری چوار دەکات لە کەرکوک لەوێ پرسیار لە شێخ جەعفەر دەکات لەسەر ئەو پاشەکشێیە، شێخ جەعفەر بە نیگەرانیەوە دەڵێت لە وەستا ڕەسوڵ بپرسن، پاشان وەستا ڕەسوڵ وەڵام دەداتەوە دەڵێت سوپای عێراق ھەزار دەبابەی ھێناوە ئێمە ئەو شەڕەمان پێ ناکرێت، فەرموو ئێوە بیکەن. لەوێ بەکەمال کەرکوکی دەڵێت ئیتفاقمان لەگەڵ قاسم سولەیمانی و ئیقبالپورو سوپای عێراق وئەمریکیەکان ھەیە ئەوان ئەمشەو دێنە ئەم بارەگایە( سەربازگەی کەیوان)، لەگەڵ ئێمە دەبن و کەرکوک تەسلیم بە یەکێتی دەکرێت و فیرقەی نۆی سوپای عێراق بەرەو ھەولێر دەڕوات، پاشان کەمال کەرکوکی بارەگای میحوەری چوار بە نیگەرانیەوە بە جێدەھێڵێت، ئەمە یەکەم لێک ترازانی تەواوەتی پارتی و یەکێتی دەبێت لە شەوی ١٦ی ئۆکتۆبەر. دواتر کەمال کەرکوکی بەرپرسانی پارتی ئاگادار دەکاتەوە، ھێزێکی دژە تیرۆری پارتی بەسەرپەرشتی بارزان قەساب پێک دێن لە ١٥ ھەمەری سەربازی لە ھەولێرەوە دەگەنە کەرکوک، ھەمان شەو کاتژمێر نۆ ئاسایشی پارتی لەکەرکوک نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک ئاگادار دەکەنەوە کە ھەوڵێک ھەیە بۆ تیرۆر کردن یان گرتنی و تەسلیم کردنی بە عێراق، نەجمەدیم کەریم ھەرزوو بەرپرسانی باڵای پارتی ئاگادار دەکاتەوە.
ڕەوان بارزانی برای نێچیرڤان بارزانی ئەو شەوە چەند جارێک تەلەفۆن بۆ عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی کەرکوک و ھەڵۆنەجات بەرپرسی ئاسایشی کەرکوکی پارتی دەکات و تاکیدی پاراستنی نەجمەدین کەریمیان لێ دەکاتەوە، ھەمان شەو پێش کاتژمێر ١٢ ھێزەکانی پشتیوانی دوو سەرجەم ئالیاتە قورسەکان لە کەیوان و خواروی کەرکوک دەکشێننەوە، درەنگانی شەو دکتۆر نەجمەدین دێتە فولکەی ئیخوانی ڕەحیم ئاواو قسە بۆ کۆمەڵێک چەکداری خۆبەخش و ڕاگەیاندن دەکات، ڕایدەگەیەنێت بەرگری لە کەرکوک دەکەین، ھەر ئەو شەوە ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ڕێبوار تەھا ئەندامی پەرلەمانی عێراق دێنە گەرەکی شۆریجەو قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان دەکەن و دەڵێن ڕەوشی ناو شاری کەرکوک ئارامە، محەمەدی حاجی مەحمود لە نزیک کاتژمێر ١٢ لەکەرکوک ھێزێکی بەرگری و فریاکەوتنی یەکێتی دەبینێت دەگەڕێنەوە بەرەو سلێمانی دەڕۆن کاتێک لە ھێزەکە دەپرسێت بۆ دەڕۆن بەرپرسی ھێزەکە دەڵێت دەورو تەسلیممان کردووە وھێزێکی تری خۆمان ھاتوەتە جێگەکەمان، ھەر ئەو شەوە پەیوندی بە ئامر لیوایەکی پێشمەرگەوە دەکات لەتەلوەرد لەو کاتەدا زانیاری ئەوەی دەبێت تەلوەرد چۆڵکراوە،‌ بەڵام ئامر لیواکە دەڵێت لە شوێنی خۆمانین، محەمەدی حاجی مەحمود پێی دەڵێت ئێستا دێم بۆ لاتان. ئامر لیواکە پێداگیری دەکات کە نەیەت بەو بیانوەی ڕێگاکە سەلامەت نیە.‌ محەمەد حاجی مەحمود لەوکاتەدا زانیاری ئەوەی ھەبووە تەلوەرد چۆڵکراوە، تا نزیک کاتژمێر دووی شەو لە کەیوانەوە تا دەگاتە مەکتەب خالید و تەلوەرد وحومێرە و مریەم بەگ چۆڵ دەکرێن تەنھا ھێزێکی سەربە کۆسرەت ڕەسوڵ و لیوای ١٠٢ شوێنەکانیان چۆڵ ناکەن و ئاگاداری کشانەوەی ھێزەکانی تر نابن. پێشتر سوپای عێراق بەرنامەی وابوو کاتژمێر یەکی شەو بێتە کەیوان و چواردەوری کەرکوک، بەڵام نەکشانەوەی بەشێک لە پێشمەرگە ھێرشەکە دوا دەخات و لە کاتژمێر دوو و دە ‌خولەکی شەو یەکەم ھێرش لە ناوچەی پیشەسازی و گوندی چەرداخلی لەباشوری کەرکوک دەست پێدەکات، دوو جار سوپای عێراق و حەشد دەشکێن و ٧ ئۆتۆمبیل و ئالیەتی سەربازی حەشد و سوپای عێراق تێک دەشکێن. تا دەمەو بەیان شەڕ دەبێت و لەخاسەوە بەشێک لە سوپای عێراق دێنە پشتی پێشمەرگە تا ئێستا ڕوون نییە چۆن ئەو یەکەیە توانیویانە بگەنە پشتی ئەو ھێزە، لە وشوێنەدا پتر لە ٢٥ پێشمەرگە شەھید دەبن و لە گەڵ ھەڵھاتنی رۆژدا سوپای عێراق دەچنە ناو سەربازگەی کەیوان زۆربەی شوێنەکانی پێشمەرگە لە چواردەوری کەرکوک.
شەوی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاتژمێر یەک نەجمەدین کەریم دەچێتە بارەگای ئاسایشی پارتی لەکەرکوک فەرماندەی عەمەلیاتی سوپای عێراق لە ڕێگەی پۆلیسی کەرکوکەوە داوای گفتوگۆی لێدەکا بۆ ئەوەی بێ بەرگری بێنە کەرکوکەوە،‌ بەڵام دکتۆر نەجمەدین ئامادە نابێت گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسەکەی سوپای عێراق بکات، سەرلەبەیانی پارتیش ھەمان بڕیاری یەکێتی دەدات لە کەرکوک و سنوری میحوەری پێنج قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنەوەو سوپای عێراق بێ شەڕ دەچێتە کێڵگە نەوتیەکان و فڕۆکەخانەی کەرکوک و دواتر دوبز و پردێ، ھەمان ڕۆژ سوپای عێراق و حەشد دەچنە ناو خانەقین و دووز ومەخمور و شنگال، کۆسرەت رەسوڵ و محەمەدی حاجی مەحمودیش بە ھەمان شێوە پاشەکشە بە ھێزەکانیان دەکەن و لیوای ١٠٢ و ھێزەکانی سەربە کۆسرەت ڕەسوڵ لەڕێگای لەیلان و ناو شارەوە بە ئاڕاستەی سلێمانی دەکشێنەوە و لە ناو شاری کەرکوک لە گەڕەکە تورکمانی و عەرەبیەکان و ھیچ بەرھەڵستیەکی سوپاو حەشد ناکرێت، تەنھا بنکەیەکی ئاسایشی پارتی لە گەڕەکی واسیتی بە چەکی سوک ھەندێ بەرگری دەکەن و پاشان دەکشێنەوە، لەگەرەکە کوردیەکان کەم کەم چەکداری خۆبەخش تەقە دەکەن، تا دەگاتە نزیکی نیوەڕۆ سوپای عێراق بەتەواوەتی کەرکوک کۆنترۆڵ دەکات، پارتی بەتەواوەتی دەکشێتەوە، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی دەمێننەوەو ھێزێکی دژە تیرۆر بەسەرپەرشتی جەلال شێخ ناجی لەگەڵ ئاراز شێخ جەنگی دەمێننەوە، یەکێتی ئومێدی لەسەر ئەوە دەبێت حکومەتی عێراق ئەو لێکتێگەیشتنەی ھەیبووە لە گەڵ یەکێتی جێ بەجێی بکات و پارێزگار بدرێتەوە یەکێتی، بەڵام پابەند نابن پێوەی و دۆسیەی ئەمنی ناوکەرکوک لە سەرەتادا دەدرێتە سوپای عێراق وپۆلیسی فیدڕالی و پاش ماوەیەک حەشد لە سەنتەری کەرکوک دەکشێتەوە بەرەو ناحیەی تازە وبەشیر تائێستاش دۆسیەی ئەمنی شاری کەرکوک نەدراوەتەوە بە پۆلیسی محەلی کەرکوک و سەرەتا لای سوپای عێراق بوو پاشان لای پۆلیسی فیدرالی و ئێستاش لای لیوای ٦١ی سەربە سەرۆک وەزیران.
بۆ ڕۆژانی دواتر حەشدو سوپای عێراق بەرەو سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دێن و ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر یەکەم ڕووبەڕووبونەوەی قورس لە پردێ دەبێت وھەردوو فیرقەی نۆ و لیوای زرێپۆش و حەشد دەیانەوێت لە پردێ بپەڕنەوە بۆ قوشتەپە،‌ بەڵام بە فرمانی بارزانی پردی پردێ دەتەقێنرێتەوەو ھێرشیەکە تێک دەشکێنرێت و ھەندێ زانیاری ھەن کە ئەڵمانی و فەڕەنسیەکان بە چەکی پێشکەوتوو یارمەتی پێشمەرگەیان داوە. ھەر ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر حەشد و سوپای عێراق بە تەواوەتی دووزخورماتویان کۆنترۆڵ کرد و پاشان پێشمەرگە لە مەخمور و شنگال و خانەقین کشایەوە و کۆتا ڕووبە ڕووبوونەوە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەر بوو لە سحێلا لە میحوەری موسڵ .

 

Picsart-24-02-23-21-31-09-085