سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، لە ئێستادا مرۆڤایەتیی لەگەڵ زۆر كێشەو قەیراندا دەستەو یەخەیە، یەكێك لەو كێشەو قەیرانانە نەبوونی قیادە و سەركردەی بەتواناو دڵسۆز و خەمخۆرە.
عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە میانی كۆبونەوەی حزبەكەی ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئەوەی مرۆڤایەتیی پێویستیی پێ بێ ئەوەیە، كە قیادە و سەركردەیەكی هەبێت بەرچاوڕوون بێ و ئاشنابێ بە ڕێبازی ئیسلام.
ڕاشیگەیاندووە، بەر لەوەی باس لە بایەخ و گرنگی سەركردەیی بكەین بۆ گەنج، باشتر وایە باس لە بایەخ و گرنگیی ستراتیژییەكانی بكەین، پێویستە سەرەتا گەنج خاوەن كەسایەتیییەكی بەهێزو بە متمانەو دیدندار بێ و ئاشنای بەرنامەكەی و گەلەكەی بێ، چونكە ئەگەر ئەم تایبەتمەندییانە لە خۆیاندا نەبینن و بەرچاوڕوون نەبن و كەسایەتییان بەهێزو پتەو نەبێ، لەئامانجەكانیان سەركەوتوو نابن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە گەنج ئەگەر بیەوێ ببێتە سەركردەو قیادەیەكی باشو لیهاتوو، پێویستە متمانەیان بە خۆیان هەبێت و لاواز نەبن و باوەڕیان بەوە هەبێ كە دەتوانن كاریگەرییان لەسەر دڵو مێشكی دەورووبەریان هەیە، بۆیە گەنج دەبێ خۆی بێت، هەوڵ نەدات ببێت بە كەسێكی ترو كۆپی مرۆڤێكی تر.
