نوێترین

recent

25/09/2022

بارزانیی ڕێفراندۆمی بۆ ئەوەبوو خاکی کوردستان بفرۆشێت و ببێتەوە سەرۆکی هەرێم




 خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانیی ڕیفراندۆمی بۆ ئەوە کرد، کە خاکی کوردستان بفرۆشێت لەپێناو ئەوەی خۆی ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێم، دەشڵێت:”نابێت چیتر خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەونە دوای ئەم بنەماڵەیە، چونکە ئەمانە تەنها لەپێناو مانەوە لەسەر کورسییەکانیان کاردەکەن”.

ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕدەبێت، کە لەلایەن پەدەکە و بنەماڵەی بارزانییەوە ئەنجامدرا، لەکاتێکدا پەدەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییە، بەڵام دەرەنجامەکەی بریتیبوو لە لەدەستدانی ٥٠٪ی خاکی باشووری کوردستان.

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری خولی پێشووی عێراق لەبارەی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە دەڵێت:”لە مێژووەوە هەر کاتێک بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووریی، ئەمنیی، نێودەوڵەتیی باشبێت، پەدەکە هەوڵدەدات ئەو بارودۆخە خراپبکات، ئێمە کەرکووک، خانەقین و چەندین ناوچەی ترمان لەژێر دەستبوو، بەڵام پارتی و یەکێتی پێکەوە ڕێفراندۆمیان دروستکرد و ئەو ناوچانەیان ڕادەست کردەوە و وایان کرد؛ ٥١٪ی خاک لەدەستبدەین”.

دەشڵێت:”مەسعود بارزانی ئەوکاتە لە بارودۆخێکی سەیردابوو، کە سەرۆکایەتیی هەرێم ماوەی بەسەرچوبوو، پێویستی بە پلانێک هەبوو بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی درێژبکاتەوە، بۆ ئەوەش ڕیفراندۆمی کرد، بەڵام بەفشاری ئەمریکا و وڵاتانی دیکە وایکرد یەک ڕۆژ دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەستلەکاربکشێنێتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە جەختیش دەکاتەوە، “نابێت چیتر خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەونە دوای ئەم بنەماڵەیە، ئەمانە تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسییەکانیان کاردەکەن، گەر بارودۆخ زۆر مەترسیداربێت ئامادەن هەموو کوردستان بفرۆشن، وەکو بینیمان لە شەنگال زیاتر لە ٥٠ هەزار خوشک و برامانیان خستەژێر هەڕەشەی داعشەوە و بەجێیانهێشتن”.

پێشی وایە، “بارزانیی دەیزانی ڕیفراندۆم بۆ دەوڵەتی کوردی نییە، بۆ ئەوەیە بەجارێک خاکی کوردستان بفرۆشێت و بمێنێتەوە بە سەرۆکی هەرێم”، دەشڵێت:”مەسعود بارزانی ئەوکات وتی ئەگەر ڕێفراندۆم سەرکەوتوونەبێت، بڵێن ئەمە شێت بووە و سواری سەری خۆی بووە، بەڵام نەیتوانی لەو پێناوەدا قوربانی بدات و سەرشۆڕنەبێت، چونکە بینیمان دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم چەند خراپ بوون، ئێستاش هەندێک قەڵەمفرۆش دەیانەوێت بیکەن بە مەرجەع، مەرجەع دەبێت خۆی لەپێناو گەلەکەی بکوژێت، نەک گەلەکەی لەپێناو خۆی بکوژێت”.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085