بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی بازرگانی هەرێم لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی دەستیان بەسەر یەك ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچودا گرتوە كە زیاتر لە 800 هەزار تۆنی لە پارێزگای سلێمانی بوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری سەربە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێى ڕێنماییەکان، سزاى بونى مادە و کەرەستەى ماوەبەسەرچو لە ٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥ ملیۆن دینار دەست پێ دەکات و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەسەڵاتى سزادانى تا ٣ ملیۆن دینار و داخستنى دوکان و مارکێتەکانیان بۆ ماوەى ٣ ڕۆژ هەیە. بەڵام سزاى لە ٣ ملیۆنەوە بۆ ٥ ملیۆن و داخستنى بۆ ماوەى ١٠ ڕۆژ لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتییە و لەوە زیاتر لە دەسەڵاتی وەزیردایە، یا ڕوبەڕوى یاسا دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ٦ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردوە و ١ هەزار و ٦٥٠ حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردوە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچودا گرتوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
ـ پارێزگاری هەولێر:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ پارێزگاری سلێمانی:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤ هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
پارێزگاری دهۆك:
لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
ـ ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان:
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
