نوێترین

recent

02/10/2021

وردەکاری رێککەوتنێکی نھێنی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکرێت




ئاژانسی وڵات : ئێن ئارتی 
لە دوو رۆژی رابردودا بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەری رەشی کردوە و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نهێنی کۆبوەتەوە و هەردولایان رێکەوتوون لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ئەم جارە بۆ پارتی بێت، ئەگەر هیچ کێشەیەکی تری دەرەوەی ویست و توانای کورد نەیەتە ئاراوە.



هەر بەپێی رێکەوتنەکە پارتی تەواوی پۆستەکانی خۆی لە بەغدا دەدات بە یەکێتی، وەک پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کە پشکی کوردە لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، وە بەڵێنی دوو وەزارەتیشیان داوە بە یەکێتی، بەڵام دوو وەزارەتەکە لە رێکەوتنەکەدا نەنوسراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیاریانە پارتی بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەداتە بافڵ تالەبانی لە بری دەستبەرداربونی یەکێتی لەو پۆستەدا، وە ئەو مانگانەیەی کە ئێستا قوباد تالەبانی لە بری داهاتی نەوت لە پارتی وەردەگرێت کە برەکەی مانگانە ٢٠ ملیۆن دۆلارە، پارتی کردوویەتى بە مانگانەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، ئەمەش وەک قەرەبوی ئەو زیانەی کە یەکێتی بەری دەکەوێت لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆک کۆماردا.


هەروەها بافڵ تاڵەبانی بەڵێنی ئەوەی داوە هەموو کێشەکانی ناو یەکێتی چارەسەر دەکات و هەموو باڵ و رایە جیاوازەکانی ناو حزبەکەى رازی دەکات بەم رێککەوتنە.

پارتی یەکێتی ئاگادار کردوەتەوە کە دەنگ و کورسی یەکێتی هەرچی بێت، وە تەنانەت ئەگەر یەکێتی ببێتە هێزی سێیەمیش لە هەرێمی کوردستان ئەوا ئەوان پابەندن بەو رێککەوتنە بە هەموو برگەکانیەوە، هەروەها بە یەکێتییان راگەیاندوە ئەگەر ئێستا رازی نەبن، ئەوا دوای هەڵبژاردن بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.

بۆیە هاوسەرۆکی یەکێتی رازی بووە کە دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار بن لە بەرژەوەندی پارتی، کە تا ئێستا وشیار زێباری کاندیدی بەهێزی پارتییە.

لە خولی پێشوو و ساڵی ٢٠١٨ پارتی ئەو کات بە فرۆکەیەک بری ٩٠ ملیۆن دۆلاری برد بۆ بافڵ تاڵەبابی لە بەغدا و لە دوایین ساتەکاندا خەریک بوو پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کاندید پارتی (فوئاد حسێن) بێت، بەڵام ئەو کات بەشێک لە یەکێتی رازینەبوون و خودی بەرهەم ساڵحیش فشاری زۆری کردە سەر بافڵ تاڵەبانی، کە لەوکاتەدا بەڵێنی سەرۆک کۆماریان پێدابوو تا واز لە حیزبەکەی خۆی بهێنێت و بگەڕێتەوە ناو یەکێتی.

پۆستی سەرۆک کۆمار جگە لەوەی ساڵانە نزیکی سەدان ملیۆن دۆلار نەسریە و بودجەی لەبەردەستایە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا وەک سەرچاوەی دەستکەوت و پارە وا بووە بۆ یەکێتی و جگە لەو موچە و نەسریەی سەرۆک کۆمار، دەیان پرۆژەی بازرگانی گەورەیان لە بەغدا و شارەکانی تری عێراق پێوەرگرتووە بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی.

هەموو ئەو دەستکەوتە مادیانەی لە رابردودا پارتی و یەکێتی لە پۆستەکانی بەغدا دەستیان کەوتووە لەسەر حسابی ئەوە بووە کە دەبوو ئەم پۆستە بەکار بهێنریت بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک و هەروەها زیادکردنی موچەی پێشمەرگە و دۆسیەی تری گرنگ تایبەت بە خەلکی هەرێمی کوردستان، کە پارتی و یەکێتی جگە لەدەستکەوت بۆ کۆمپانیاکانیان، هیچ کام لەوانەیان نەکردوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085