
وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەندێک لەو کەسانەی کە پلە تایبەت بون موچەکانیان بڕدراوە، کە سێ جۆرن، جۆرێکیان وەزیفەکەی بینیوە و مەرجەکانی تێدایە، بەشێکیان وەزیفەکەی بینیوە و مەرجەکانی تێدا نیە، بەشێکی دیکەیان نە وەزیفەکەی بینیوە و نە مەرجەکانی تێدایە ئەوە بەپێی یاسای چاکسازی راست دەکرێتەوە و یاساکە بەسەر هەمو کەسێکدا جێبەجێ دەکرێت.
ئاوێنه: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سەردانی ئیدارەی سۆرانی کرد و بانکی خانوبەرەی لە ئیدارەکە کردەوە و رایگەیاند، "بڕیای بە ئیدارەکردنی سۆران رەنجی چەندان ساڵەیە و ئێستا لەسەر دەستی کابینەی نۆیەم هاتوەتە دی، هەروەها ئەمڕۆ ئەمڕۆ بینای بانکی خانوبەرەمان لە قەزاکە کردەوە، هەردوکیشی دەرئەنجام کۆششی زۆر و چاکسازی و کاری پێکەوەیی و هاوپەیمانێتی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوربونە لەسەر ئەوەی کە دەبێت دیاردەکانی گەندەڵی و ناعەدالەتی لە هەرێمی کوردستان بنڕبکرێت و چاکبکرێت".
لەبارەی رەوانەکردنی 200 ملیارەکە و دابەشکردنی موچە، وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژە بەوەکرد، "پارەکە گەیشتوەتە هەولێر و دابەشکردنی موچەش بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوام دەبێت".
پەیوەست بە بڕینی موچەی پلە باڵاکان کە بەنایاسایی خانەنشین کراون، ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەکرد، "هەندێک لەو بەڕێزانەی کە پلە تایبەت بون موچەکانیان بڕدراوە، کە سێ جۆرن، جۆرێکیان وەزیفەکەی بینیوە و مەرجەکانی تێدایە، بەشێکی وەزیفەکەی بینیوە و مەرجەکانی تێدا نیە، بەشێکی دیکەیان نە وەزیفەکەی بینیوە و نە مەرجەکانی تێدایە ئەوە بەپێی یاسای چاکسازی راست دەکرێتەوە و یاساکە بەسەر هەمو کەسێکدا جێبەجێ دەکرێت".