
لە ڕونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی وڵات نێردراوە دکتۆر میران محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت ئەگەر بتوانێت بەردەوام دەبێت و دەشلێت کە بۆخۆی ئەوکەیسەی خوڵاندووە
دەقی ڕونکردنەوەکەی
روونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
سڵاوتان لێ بێت
هەڤاڵانی خۆشەویست، هاوڵاتیانی بەرێز
هەموولایەک ئاگادارن لە دوو مانگی رابردودا کەیسێکی دادگا لە دژی من جوڵێنرابوو دەمەوێت بۆ رای گشتی هەندێک زانیاریتان لەوبارەیەوە پێ بڵێم سەرەتا منیش وەکو خەڵک لە راگەیاندنەکانەوە بیستم کە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە لەسەر دۆسیەی هەندێک کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکان لەوماوەیەدا کە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بووم ،تەبعەن لەو ساڵانەدا کە بەڕێوبەری تەندروستی بوم خۆم سکاڵام لە دادگا کردبوو لەسەر ئەو بابەتە کە لێکۆڵینەوەی تێدابکات.هەر بۆ زانیاریتان بە نوسراوی ژمارە ١١٥٧ لە ٥/٢/٢٠١٧ دا لیژنەیەکم پێکهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو دۆسیە بە حزوری فەرمانگەی داواکاری گشتی هەر بە نوسراوی ژمارە ١٦٣٦ فەرمی لە ١٤/٢/٢٠١٧ داوام لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی وە لە ١٤/٢/٢٠١٧ نوسراوی ژمارە ١٦٥٨م ئاراستەی بنکەی پۆلیسی سەرا کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو چەند کۆمپانیایە وە بە نوسراو ١٣٤٥ لە ٦/٢/٢٠١٧ داوام لە بانک کردووە کە ژمارە حسابیەکانی ئەو کۆمپانیایانە رابگرێت تا کاتی یەکلابونەوەی دۆسیەکە هەر بۆ بەڵگەی زیاتر لە مانگی ٣ ی ٢٠١٧ بە نوسراوی فەرمی سکاڵام ئاراستەی دادگای نەزاهە کردووە بەژمارە ٣٣٣٦ و ٣٩٣٣ کە سكاڵامان هەیە دژی هەر کەس و لایەنێک لەناو نەخۆشخانەکاندا هاوکاری ئەم کۆمپانیایانەی کردبێت وە لە دادگای دەسپاکی سکاڵام لەسەر ئەو کۆمپانیایانە تۆمار کردووە وە هەموو بەڵگەکانم لەلا پارێزراوە،
واتە من جوڵێنەر و بەدواداچونکاری ئەو دۆسیەیە بووم، من کەشفم کردوە کە گومان دەکرێت بانکەکان بە نایاسایی پارەیان بۆ خەرج کردبن. وە کارم کردوە ئەگەر حەقێکی گشتی لەو نێوەندەدا فەوتابێت بگەڕێتەوە .ئەمە کۆی ئەو دۆسیەیە ئەگەرچی ئەوەندەی پەیوەندی بە بانک هەیە پەیوەندی بە تەندروستیەوە نەبووە لەبەرئەوە کاتێک بیستم کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ من دەرچووە بەراستی توشی سەرسوڕمان بووم چونکە من بەتەواوی لە کارەکانی خۆم دڵنیام و بێباک بووم لەهەر رێکارێکی یاسایی لەو دۆسیەیەدا .وە ئەگەر دەپرسن لەگەڵ بوونی ئەم هەموو بەڵگەیەدا بۆچی بێدەنگیم هەڵبژاردووە ئەوا لەبەرئەوەبووە کە ئەو حەقەم بە خۆم نەداوە گومان بخەمە سەر بێ لایەنی دادگاکان بەڵکو هەڵسام بە ئاراستەکردنی داواکارییەک بۆ دادگای تەمیز و تێیدا روونم کردوەوە کە من سکاڵاکار و جوڵێنەری دۆسیەکەبووم، دادگای تەمیز داواکاریەکەیان لێ وەرگرتم و پاش وردبینی و بەدواداچوون لە بەرواری ١٢/٩/٢٠٢١ لە بەرژەوەندی من بڕیاری دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستگیرکردنم.
هەڤاڵان ..
بەداخەوە ئەم بابەتە لە کاتێکدا بوو کە بارودۆخی یەکێتی هەندێک ناجێگیربوو ، وە لەبەرئەوەی من نەمدەویست هەڵوێستێک بنوێنم کە بۆ یەکێتی خراپ بێت بۆیە بێدەنگیم پێ باشتربوو،
بەندە لەماوەی کارکردنم لە ساڵی ٢٠١٢ وەک بەڕێوبەری تەندروستی دائیمەن بەو ستراتیجەوە کارمکردووە کە نەخۆشخانە حکومیەکان باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەن وە کارم دەکرد کە سلێمانی یەکەمی عیراق بێت لە کەرتی تەندروستیدا.
دواتریش خەڵک وەفاداربوون و دەنگێکی زۆریان بەمن دا کە بچمە پەرلەمانی عیراق زۆرترین متمانەی هاوڵاتیانم بەدەستهێنا .لەسەر ئاستی یەکێتی یەکەم دەنگ و لەسەر ئاستی عیراقیش پێنجەم زۆرترین دەنگم بەدەستهێنا.پێموابوە کە دەتوانم ئەو نوێنەرایەتیەی خەڵک بگوازمەوە بۆ ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و یەکێتی بکەمە ئامرازێکی کاریگەر بۆ خزمەت بە هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی وە لە کۆنگرە و هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەنگی پێویستم هێناو بومە ئەندامی مەکتەبی سیاسی
ئێستاش وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی هەموو هەڵوێست و هەنگاوێکم بۆ ئەوەدەبێت :
بەرژەوەندی خەڵک بخەمە پێش بەرژەوەندی حزب و بەرژەوەندی یەکێتیش بخەمە پێش بەرژەوەندی شەخسی،
لەبەرئەوە هەتا ئەو کاتەی بتوانم بەم شێوەیە کاربکەم ئەوا بەردەوام دەبم و ئەگەر نەشتوانرا ئەوا
( لا یکلف اللە نفسا الا وسعها )
زۆر سوپاستان دەکەم بۆ خەمخۆری و هەواڵپرسیتان .