نوێترین

recent

22/09/2021

ڕێککەوتنی نهێنی نێوان پارتی و نەوەی نوێ ئاشکرابوو.




پارتی دەیەوێت کورسییەکانی نەوەی نوێ زیاتر بن لەکورسییەکانی یەکێتی لەهەولێر


پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ رێککەوتنێکی نهێنی لەبارەی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدەن و پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵ دەدات ژمارەی کورسییەکانی نەوەی نوێ زیاتر بن لەژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگەی پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان لەگەڵ نەوەی نوێ رێککەوتوە لەبارەی شێوازی دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگای هەولێر.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی یەکی پارێزگای هەولێر دەیەویت نەوەی نوێ رۆڵی پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکانی ئەو بازنەیە ببینێ بۆ ئەوەی کاندیدەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شانسی دەرچونی نەبێت. لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان لەبازنەی دوی هەولێر کاندیدێکی ئافرەتی خۆی کشاندوەتەوە بۆ ئەوەی کاندیدەکەی نەوەی نوێ کە ئافرەتێکە بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت.
بەپێی پلانەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی نەوەی نوێ سەرەتا لەسنوری بازنەی یەک وەزیرە ئەحمەد هاوسەری پەرلەمانتار کاوە عەبدولقادر بو، لەبازنەی دوش کوردەوان جەمال بو، بەڵام لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئاڵو گۆڕ بەو دو کاندیدە کراوە بۆ ئەوەی دەرچواندنی وەزیرە ئەحمەد مسۆگەر بکرێت.
لەلایەکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان پلانی ئەوەیە لەبازنەی سێی هەولێر کە بەبازنەی رۆژئاوای هەولێر ناسراوە کاندیدەکەی نەوەی نوێ کە ئافرەتێکە بەناوی ڤیان عەبدولعەزیز دەربچوێنێت و بەهیچ شێوەیەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان نەتوانێت کورسی لەو بازنەیە بباتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، لەبازنەی چواری پارێزگای هەولێر، پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەمو نرخێک دەیەوێت هاوکاری محەمەد ئیسماعیل بکات بۆ ئەوەی کورسی چوارەمی ئەو بازنەیە بباتەوەو بەهیچ شێوەیەک کورسی چوارەمی ئەو بازنەیە بۆ کۆمەڵی دادگەری نەبێت.
بەپێی پلانەکەی پارتی بێت، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێـت 15 کورسییەکەی پارێزگای هەولێر بەم شێوەیە دابەشبکرێت: پارتی دیموکراتی کوردستان، 10 کورسی و نەوەی نوێ سێ کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دو کورسی
Picsart-24-02-23-21-31-09-085