ئاژانسى وڵات
نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدەی ئەهلی لە مانگی ئاب (39) دینارە، هاوكات خشتەی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ مانگی ئەیلول دیاریكرا.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا نوسیویەتی”نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی ئاب بە (39) دینار دیاریكرا، و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (250) بۆ (265) كاتژمێر كاریان كردووە، بەوەش نرخی یەك ئەمپێر كارەبا لە نێوان (9) هەزار و (750) بۆ (10) هەزار و (500) دینار دەبێت، واتە نرخی ئەمپێڕێك لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە.”
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە كۆبونەوەكەدا، ئەو خاڵە دووپات كرایەوە كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت ، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.”
