وڵات_ چلانە قادر
مەهدى شوستەرى سەرەتاى مانگى ڕابردوو کاتێک وەکو سەرقونسوڵگەرى ئێران لە
سلێمانى دەستنیشانکرا یەکەم شتى ئەوەبوو دیارى کلتورى ئێران پێشکەشى بەرپرسەکانى
سلێمانى بکات و داوای ئەوەیان لێبکات ڕێگاکە فراوان بکەن لەبەردەم کاڵاى ئێرانى
تاوەکو بتوانن ئاستى بازرگانى نێوان سلێمانى و ئێران زیاتر بکات، ئەم پلانە بۆ
هەولێر و بەغداش ڕاستە.
٢٠ ملیار بۆ ئێران
کۆمارى ئێسلامى ئێران ئاستى هاوردە و هەناردەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان
گەیشتووەتە سەرو ٦ ملیار دۆلارى ساڵانە و لەئاستى عێراق ملیارەها دۆلارە، بەڵام
ئاستى بەکاربردنى کاڵاى تورکی لەعێراق دوو هێندەى ئێرانە، هاوکێشە هەرە ئاڵۆزەکە
بۆ ئێرانیەکان ئەوەیە چۆن بتوانن ئەو جێگەیە بە بەرهەمى تورکى لێژبکەن، چۆن
جێنفوزى هەواڵگرى و سیاسى و سەربازییان بە تورکیا و ڕکابەرەکانیان لێژکردووە ئاواش
لەڕووى کاڵاوە ڕکابەرەکانیان بخەن، بەڵام تائێستا سەرکەوتوونەبوون، بۆ هەرێمى
کوردستانیش هەمان ڕایان هەیە.
مەهدى شوشتەرى قونسوڵى ئێران لەسلێمانى ئەو خواستەى ئێرانى لە میانەى
سەرکردانیکردنى یەکێتى هاوردە و ناردەنیکاران نەشاردەوە، ووتى: "ئێمە چاومان
لەوەیە پەیوەندییە ئابورییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان تا ئاستێکى زۆر باش
ببەینە پێشەوە بۆ ئەو مەبەستە پلانمان هەیە ئاستەکەى بگەیەنین بە ٢٠ ملیار
دۆلار".
ئێران چۆن سود لە هەرێمى کوردستان وەردەگرێت؟
کۆمارى ئیسلامى سودێکى گەورە لەبازاڕى کوردستان وەردەگرێت، لەچەندین ڕووە
بازاڕى کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ گەشەپێدان و سەرپێخستنى ئابورى خۆى.
یەکەم: ساڵانە بەرهەمێکى زۆرى
جۆراوجۆرى ناوخۆیى وڵاتەکە لە میوە و تا کەرەستەى بیناسازى و پترۆکیمایوى ساغ
دەکاتەوە لەهەرێمى کوردستان کە قەبارەکەى زۆر خەیاڵیە و ئەو بەرهەمانەى ئێران
ئەگەر هەرێمى کوردستان نەبێت لەهیچ کام لە وڵاتانى دراوسێ ناتوانێت و ئەو بەرهەمە
گەورەیە ساغ بکاتەوە.
![]() |
| مەهدى شوشتەرى خەڵاتى کلتورى پێشکەش بە کۆسرەت ڕەسوڵ دەکات |
دووەم: ئێران گەورەترین سود لەکەرتى گەشتیارى هەرێم وەردگرێت ساڵانە سەدان
هەزار گەشتیار لەهەرێمى کوردستانەو ڕوودەکاتە ئێران، ئەم پارەیە کە ملیۆنەها دۆلار
دەکات بۆ ئابورى ئێران وەکو خەڵات وایە.
سێهەم: هەرێمى کوردستان دەروازەیەکى زۆر گرنگى ئێرانە بۆ بازرگانى ڕەش، ئەو
جۆرە بازرگانیە نا ڕێکخراوەى کە سنورە نێودەوڵەتیەکان ڕێگەى پێنادەن، ئەوەش هۆکارى
گەورەن بۆ شکاندنى سزاکانى سەر ئێران.
ڕێگاى ئاوریشمى چیە؟
ئێران لە ڕێگەى مەرزى پەروێزخانەوە ڕێگایەکى هەرێمى کردووەتەوە کە تاران،
کرماشان _ بەغداد_ دیمەشق پێکەوە دەبەستێتەوە.
لەدواى ڕیفراندۆم و کشانەوەى پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان حەشدى شەعبى
سەرجەم ئەو ڕێگایەى تەنیوە کە لە مەرزى پەروێزخانەوە تێپەڕدەکات و دەگاتە پارێزگاى
سەڵاحەدین و پاشان بەغداد، کە هێڵێکى لێدەبێتەوە بۆ دیمەشق.
ئەم هێڵە گرنگى زۆر تایبەتى بۆ ئێرانیەکان هەیە، بۆیە ئێستا هەرچى فۆکەسى
ئێران هەیە لەسەر ئەو ڕێگایە و تەنانەت مەرزى پەروێزخانیش لەو ڕووە بایەخى گەورەى
پێدراوە زیاتر لەمەرزەکانى دیکە، پرسیارى هەر گرنگ ئەوەیە ئێران بۆچى ئەمە دەکات؟
ئەمە کورترین ڕێگایە بۆ گەیاندنى تاران بە دیمەشق و بەغداد هەمم تێچووى
کەمە هەمیش ئاسانکارى گەورەى بازرگانى هەیە، خاڵى دووەمى سەرنجڕاکێش لەو ڕووەوە
ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لەڕێگەى کارى بازرگانیەوە نفوزى شیعە لەو ناوچانە بەهێز
بکات چەندین بازرگانى گەورە لەو ناوچانە بچێنێت و بەدەسەڵاتى سەربازى و دارایى
سەرەڕێژیان بکات، دووەم ئەم ڕێگایە لەڕووى ئاسایش و سەلامەتیەوە گرنتى بکات بۆ گەشتیارانى
کەربەلا بەئاسانى سەفەرەبکەن، کە ساڵانە خۆى لە پتر لە دووملیۆن گەشتیار دەدات.
ئایا ئێران دەتوانێت؟
ئێران لەعێراق چەند بەهێزبێت هێشتا لەبەردەم ڕێگرى زۆردایە، چونکە ئەو
تەنها قسەکەر نیە بەڵکو ئەمریکا و بەرەژوەندى تورکیا و سعودیە لەناوچەکە هەیە بۆیە
ئێران ڕەنگە گەیشتنى بەم خەونە ڕێگرى بێتە بەردەم.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەمریکا و تورکیا و سعودیە بەگرنگیەوە لە جوڵەکانى
ئێران لە هەرێمى کوردستان و عێراق دەڕوانن، چونکە پلانى ئەوان بەتایبەت لەڕووى
ئابورییەوە بۆ سنودارکردنى ئێرانە بۆ هەر پەلهاویشتنێکى ئێران بۆ ئەوان جێگەى
مەترسیە تەنانەت قوسنوڵى ئەمریکا لە هەولێر خۆى سەردانى مەرزى کێلێى کردووە و
لەنزیکەوە چاودێرى سنورەکانى کردووە و تابزانێت جموجوڵەکانى ئێران چۆنن لەو
سنورانە.
بۆیە ئێران تاچەند فشارى زیاتر بکات، ڕێگرى زۆرترى دێتە بەرهەم، وە
هەنگاوەکانى مەهدى شوشتەرى بۆ گەیشتن بە خەونى وڵاتەکەى ڕەنگە ئاسان نەیەتە دى.

