نوێترین

recent

21/08/2019

پارتى بۆچى کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى بەئامانج دەگرێت؟



 وڵات_چلانە قادر 

ئەو وڕکەى پارتى و جەماوەرەکەى لەبۆنەو کاتە جیاوازەکاندا لە لاهورى شێخ جەنگی دەیگرن و بەردەوام هێرش دەکەنە سەرى، هەمان کارە پارتى لە شەشتەکانى سەدەى ڕابردوودا بەرامبەر کەسایەتى مام جەلال ئەنجامیاندا، چونکە پارتى هەمان وێناى کەسایەتى مام جەلال دەکات بەبەرگێکى نوێوە لە کەسایەتى لاهور شێخ جەنگیدا.

ئەمڕۆ، لاهور شێخ جەنگى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، پەیامێکى بڵاوکردەوە ئاماژە بە کاریکاتێرێکى ڕۆژنامەى "باس"ى مەسرور بارزانى دەکات و کە تەشهیرێکى نا ڕۆژنامەوانیانەی ئامانجدارە و هێرشە بۆ سەر کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى ئاژانسى پاراستن و زانیار_زانیارى.

لاهور شێخ جەنگى لە پەیامێکى کورتدا، سوپاسی ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەڵبژاردنى بۆ ناشتنى نەمامێک لەچوارچێوەى چاڵێنجى "نەمامێک بنێژە و کوردستان سەوزبکە"، دەڵێت "سوپاسی خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەم کەوا منی چاڵێنچ کردوە کەنەمامێک بنێژم بۆ سەوزکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان، بەڵام بەداخەوە میدیاکانی پارتی و بەتایبەتی نزیک لەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکە لەسۆشیال میدیاو ڕۆژنامەکانیان هێرشی ناڕەوا دەکەن، دەمەوێت بە سەرۆکی حکومەت بڵێم ئەگەر ئەمە دەستپێکی کاری حکومەتداری ئێوەبێت دڵنیام حکومەتێکی پڕلەشکست ونەهامەت چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات. مێژوویەکى دووبارە".


پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى


مەبەستى پەیامەکە چیە؟

پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى زۆر شت هەڵدەگرێت، چونکە پەیامەکە لەکەسایەتێکى ئاساییەوە نیە بەڵکو بەڵکو لە کەسایەتیەکەوەیە خاوەنى ئەزمونێکى گەورەیە لە کارى هەواڵگرى و سیاسى و تەنانەت میدیایی، خاوەن دەسەڵات و پێگەى گەورەیە لەناو یەکێتى و کوردستان بۆیە پەیامەکە هەڵگرى چەندین کۆدى نهێنیە ڕەنگە تەنها مەسرور بارزانى و پارتى کۆدەکانى شى بکەنەوە.

بەڵام ئەوەى لەڕووکاردا دیارە، لاهور شێخ جەنگى بەڕوونى دەریدەبڕێت ئەوەیە توانجێکى ڕاستەوخۆیە لە خودى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت، جگە لەوەش دیوێکى ترى واتاکە ئەوەیە هێرشکردنە سەر کەسایەتى سەرکردەیەکى دیارى یەکێتى بێوەڵام نابێت و وەڵامەکەش زۆر بەقورسى لەسەر حکومەت دەکەوێت تا ئاستى شکست.

 وە ڕەنگەش ئەمە سەرتاى وەڵامێکى دەمکوتکەریش بێت بۆ ڕاگەیاندنى پارتى، کە دەمێکە کەسایەتى لاهور شێخ جەنگیان بەئامانج گرتووە، بەتایبەت دواى ڕووداوەکانى کەرکوک کە بەهۆى لێکەوتەوکانى ڕیفراندۆمەوە کورد لە ٥٠%ى خاکى لەدەستدا و توشى گلان هات.

 "پارتى وێناى کەسایەتى مام جەلال لە کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى دەبینیت"

پارتى پەیامەکەى سڕیەوە!

دەزگاى باس نیوزى مەسرور بارزانى بەماوەیەکى کەم لە بڵابونەوەى پەیامەکەى لاهور شێخ جەنگى، کاریکارتێرەکەى سڕییەوە، بەگوێرەى زانیارییەکان سڕینەوەى پەیامەکە پەیوەست بوو بە قورسایى کۆدەکانى ناو پەیامەکە کە وەکو هۆشدارییەک وابوو بۆ خودى مەسرور بارزانى، ترسى کاردانەوەکان لەدژى کاریکاتێرەکە.
ئەمەش نیشانەى قورسى ئەو پەیامە دەردەخات کە لاهور شێخ جەنگى ئاڕاستەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کردبوو. 

بۆچى پارتى کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى بەئامانج دەگرێت؟

بەهێندەى هیچ سەرکردەیەکى یەکێتى جگە لەمام جەلال، پارتى و جەماوەرەکەى لە کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى نادەن ئەوەش چەندین هۆکارى هەیە، ئەوەش جێگەى پرسیارى زۆرێک لەهاوڵاتیان و تەنانەت سیاسیەکانە، بەڵام ڕازى ئەم پرسیارە تەنها لاى پارتى دەستدەکەوێت.

بەگوێرەى چەندین بەداوداچوون کراون، پارتى هۆکارى یەکەمى ئەو هێرشانەى دەیکات، لەڕوانگەى ستراتیژیەوەیە چونکە لەماوەى ڕابردوودا یەکێک لەو سەرکردە بەهێزانەى کە پارتى بەهیچ شێوەیەک نەیتوانیوە ڕامى بکات تەنانەت بیهێزى بکات لەناو یەکێتیدا لاهور شێخ جەنگى بووە سەبارى وە مەترسى هەڵکشان و پێگەکەشى، لەناو پارتى ئەو وێنایە ڕۆژ بەڕۆژ تۆخدەکاتەوە کە مامەڵەکردنى پارتى لاهورى شێخ جەنگى وەکو هیچ سەرکردەیەکى یەکێتى نیە چونکە:

-        چونکە لەماوەى ڕابردوودا هەر ئۆپراسیۆنێکى سەربازى و هەواڵگرى سەرپەرشتى کردبێت گرنتى سەرکەوتنى بووە، ئەوەش بەلاى هەواڵگرى وڵاتانەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، چەندین ڕاپۆرتى هەواڵگرى و نهێنى لەوبارەیەوە لە سى ئاى ئەى و ناوەندى هەواڵگرى بەریتانى هەن و ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن.
 تەنانەت توانى لەشەڕى داعش و پاشانیش ئێستا فۆکەسى ئەمریکا و ڕۆژئاوا و عێراق بەلاى سلێمانیدا ڕابکیشێت، کەمەنکێشیان بکات بۆ ئەو زانیارییە گرنگانەى لە ئاژانسى زانیارى هەن لەبارەى داعش و جموجوڵەکانیەوە، کە ئەمە مەترسیدارترین خاڵە بەلاى پارتیەوە.

-        عەقڵى هەستانەوەى یەکێتى و یاریکردنە لەگەڵ پارتى، دواى ئەوەى پارتى بەڕوونى مەلەفى یەکێتى پێچابوویەوە بڕواى وابوو کۆتایى هاتووە، بەڵام یەکێتى و سەرکردەکانى و لەناوخۆشدا پارتى لەهەمووکەس باشتر دەزانێت لاهور شێخ جەنگى یەکێتى لەبەرامبەر هەموو پلانە هەواڵگرییەکان ڕاگرت نەیهێشت زریانە هەواڵگرى و سیاسیەکان بیخەن، تەنانەت لەهەستانەوەش یەکێتى "لەبەغداد و لەکەرکوک و تەنانەت لە پێکهێنانى حکومەتیش" توانى پارتى توشى گلان بکات و مەرجى یەکێتى بەسەردا بسەپێنێت، هەروەکو ڕێبوار کەریم وەلى ڕۆژنامەنوسى پارتى ئەو پاشەکشەیەى نەشاردەوە ووتى: "پارتى بەرامبەر یەکێتى لەم کەیسانەدا دۆڕاوە".

-        عەرابى پێکهێنانەوەى زۆنى سەوز و بوژاندنەوەى ئابورییەکەى، لاهور شێخ جەنگى دواى ئەوەى بەفعلى زۆنى سەوزى لەڕووى هەواڵگریی و سیاسیەوە پێکهێنایەوە و وایکرد گۆڕان و یەکێتى و کۆى هێزەکانى تر پێکەوە مامەڵە بکەن سلێمانى لە شڵەژانى سیاسى ڕزگاربکات، ئێستا لاهور شێخ جەنگى سەرقاڵى بنیاتنانەوە ئابورى سلێمانیەو کە پارتى بە پلان وێرانیکردووە، ئەمە بۆ پارتى واتاى کۆتایهێنان بە دەسەڵاتى فعلى پارتى و گەڕانەوەى هاوبەشى سیاسى کە ماوەى ١٠ ساڵە نەماوە و پارتى بووەتە حاکمى کوردستان.
لاهور شێخ جەنگى لەناو لایەنگرانیدا


دووبارەبوونەوەى مێژوو

ساڵى ١٩٥٩ کاتێک کێشە دەکەێتە نێوان مەلا موستەفا و باڵى مەکتەبى سیاسى ئیبراهیم ئەحمەد ئەم کێشەیە لە ساڵى ١٩٦٤ بەتەواوەتى دەتەقێتەوە.
بەگوێرەى گێڕانەوە مێژوویەکان کە تەنانەت مەسعود بارزانیش لە کتێبى (بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد) باسى دەکات مەلا موستەفا زۆر بەبەیاخەوە هەوڵى ئەوەیداوە مام جەلال نەچێتە بەرەى مەکتەبى سیاسیەوە، تەنانەت لەکاتێکدا کە دۆخەکە لەوپەڕى دژایەتى و سەختیدا دەبێت، مەلا موستەفا بەدەستنوسى خۆى نامەیەکى بۆ مام جەلال دەنێرێت و دەڵێت: "جەلال بگەڕێرەوە لام".

ئەوانەى مێژووى شۆڕشى ئەیلولیان لەبەرە لەچەندین شوێن باسى ئەوەدەکەن، مام جەلال لەو سەردەمە ڕابەرێکى دیبلۆماسى بەهێز و سەرکردەیەکى کاریزمى بوو کە پێیەیەکى لە بەغداد و پێیەکى دیکەى لە قاهیرە بووە،.
مەلا موستەفا لەبایەخ و گرنگى ئەوى دەزانى، بۆیە بەهەر جۆرێک دەبوو دەیویست لە باڵى مەکتەبى سیاسى دایڕنێت، بەڵام کاتێک پارتى و مەلا موستەفا بێهیوا دەبن، ئیتر دەکەونە وێزەى کەسایەتى مام جەلال و کەسایەتى بەنیشانە دەگرن، تەنانەت لەدروستبوونى شۆڕشى نوێشدا "نازناوى جەلالى" دەبڕن بەسەر یەکێتیدا، بەهەموو جۆرێک کەسایەتى مەعنەوى تیرۆر دەکەن، بەڵام دواجار پارتى نەیتوانى بەرامبەر مام جەلال سەرکەوتووبێت.

ئێستاش هەمان مێژوو بەرامبەر لاهورى شێخ جەنگى دووبارە دەبێتەوە، پارتى بەهەموو شێوەیەک دەیانەوێت کەسایەتى تیرۆر بکەن، بەڵام ئەمڕۆ پارتى لەدۆخێکدا ئەو کارە دەکات ئەگەرى سەرکەوتنى زۆر لاوازە چونکە ئەمڕۆ گەورەترین دەزگا ماس میدیاییەکان، جەماوەرى یەکێتى و پێگەى بەهێزى لاهور شێخ جەنگى ڕێگرە لەسەرکەوتنى هەر پلان و مارکێتینێکى پارتى دژى کەسایەتى لاهور شێخ جەنگى، ئەمەش دۆخە سەختەیەکە بۆ پارتى.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085