ئاژانسى وڵات
گروپی جى٧ چییه؟
لە سەروبەندی بڕانەوەی دووەم جەنگی جیهانیدا، نوێنەرانی ئەمەریکا و بریتانیا و، ٤٢ وڵاتی دی لە بێرتۆن وودزی ئەمەریکادا کۆ بوونەوە هەتا بۆ پاش جەنگ، سیستەمی پارەی دنیا رێک بخەنەوە؛ لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا دۆلار بکرێتە پێوەری هەرهەموو پارەکانی تری دنیا؛ سەرەڕای ئەو بڕیارە، دوو رێکخراویشیان دامەزراند:
• سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF)
• بانکی نێودەوڵەتی بۆ بووژانەوە و گەشەپێدان یاخود بە کورتیەکەی بانکی جیهانی (IBRD)
ئەو دوو رێکخراوە هەتا ئێستاش رۆڵێکی زۆر گرینگیان لە ئابووریی دنیادا هەیە و نکۆڵییان لێ ناکرێت.
هەتا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوویش، ئابووری لە گەشەدا بوو بەڵام لەپڕێکدا دوو قەیرانی هەرە گەورەی تێ کەوت:
١. هەڵکشانی لەناکاوی نرخی نەوت
٢. تێکچوونی سیستەمی ئاڵوگۆڕی دراو ناسراو بە بێرتۆن وودز (Bretton Woods system)
ئەوکاتە ئەمەریکا و بریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و ئەڵمانیای رۆژاوا، سەدا٥٠ـی ئابووریی دنیایان بە دەستەوە بوو، هەربۆیە بڕیاریان دا بۆ پاراستنی ئابووری، هەموو ساڵێک کۆ ببنەوە و، کێشە ئابووریەکانی بواری ئابووری چارە بکەن و، ساڵی ١٩٧٥ـی زایینی بۆ یەکەم جار کۆ بوونەوە؛ دوای ساڵێک، کەنەدایشیان وەگەڵ کەوت و، بوون بە حەفت وڵاتان یاخود گروپی ٧.
کە شەڕی سارد بڕایەوە (ساڵی ١٩٨٩)، رووسیا داوای کرد ببێتە ئەندامی ئەو گروپ ئابووریە بەڵام نۆ ساڵی خایاند هەتا بوو بە ئەندامی ئەو گروپیە (ساڵی ١٩٩٨ـی زایینی) و، گروپی ٧ بووە گروپی ٨؛ بەڵام لەوەتی رووسیا ناوچەی کریمیای لە ئوکراین دابڕیوە (ساڵی ٢٠١٤ـی زایینی)، ئەندامەتیەکەی لێ وەرگیراوەتەوە.
لەو ساڵانەی دواییدا چین و هیندستان و بەرازیل و ئیسپانیاش گەشەیەکی باشیان کردووە و،شارەزایان دەڵێن: گروپی ٧، بەبێ ئەو چوار وڵاتە ئابووریی دنیای پێ بەڕێوە ناچێت؛ چین ئێستاکە دووەم زلهێزی ئابووریە؛ هیندستانیش پێشی کەنەدا و رووسیاى داوەتەوە. بەرازیلیش حەوتەم ئابووریە لە دنیادا.
