
وڵات_تایبەت
ئێستا زیاتر لەجاران بەهۆى ڕووداوەکەى "هۆقەباز"ەوە
ڕۆژنامەنوسەکانى نزیک لە نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى کەوتونەتە توانجگرتن و
هێرشکردنە سەر یەکترى، ململانێکانیان ناشارنەوە.
شەوى ڕابردوو پەیجى فەرمى دژە تیرۆرى کوردستان سەربە مەسرور بارزانى،
وەڵامێکى توندى ڕێبوار کەریم وەلى ڕۆژنامەنوس و شیکەرەوەى لە ڕووداوى دایە ئەوەش
لەکاردانەوەى وتارێکى توانج ئامێز بوو کە "رێبوار لەبەرامبەر ئاشکرانەکردنى
ئەنجامى ڕووداوەکەى هەولێر گرتبووى".
پەیجى فەرمى دژە تیرۆر ئاماژە بۆ چەند لایەنێکى دژایەتى ئەو ڕۆژنامەنوسەى
ڕووداو دەکات و نایشارێتەوە "رێبوار، چەند مانگ پێش، هێشتا کابینەی نوێ پێک
نەهاتبوو، لە وتارێکدا نووسیی حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی لاواز دەبێت، چونکە خۆی و
ئاغاکانی لە هاتنە کایەی حکومەتێکی بەهێز دەترسن، هەفتەی رابردووش نووسیبووی
ئەنجوومەنی ئاسایش گواستراوەتە ناو حکومەت، لە کاتێکدا کە لە هەموو کابینە تەنیا
وەزیری ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە ناو حکومەت ، بێگومان ئەم
ئاماژەشیان هەر نیشانەی ترسیانە، دەڵێت: " جددیەتی ئەنجوومەنی ئاسایش چووەتە
ناو حکومەت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ سنوورێک بۆ ئەو هەموو دزی و گەندەڵییە دابنێن کە
هەموو خەلکی کوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنن".
پەیجى
فەرمى دژە تیرۆر ناڕاستەوخۆ هێرشدەکاتە سەر نێچیرڤان بارزانى، جەخت لەسەر
ئەوەدەکاتەوە کە ڕێیوار خەمى ئاشکرابوونى دەستى ئاغاکەیەتى، دەڵێت: "ئەوەی لە
کوردستاندا شانازیی پێوە کراوە تەنیا رەوشی ئەمنی بووە، گەرنا چی بەسەر چییەوە بووە؟
جا بۆیە ئێستا دوای ئەو ڕووداوە تیرۆریستییەی ناو ریستورانتی هۆقەباز لە هەولێر، رێبوار
و ئاغاکانی دلخۆش بوونە، رێبوار لە دوا نووسینیدا هێرشی کردۆتە سەر دەزگا ئەمنییەکان
و دەلێ گوایە شتێک پەردەپۆش دەکەن و ئەوجا خەمی قوربانیبوونی ئاغاکانیەتی لە ئەنجامی
ئەم ڕووداوە".
ئەم
هێرشە توندەى دژە تیرۆرى پارتى، لەکاردانەوەى وتارێکى ڕێبوار کەریم وەلیدابوو، کە
تێیدا گومانى ئەوەى خستبویە سەر ڕووداوەکە
ووتبوى: "تاوەكو نووسینی ئەم وتارە، چوار رۆژ بەسەر رووداوەكەی هەولێردا
تێدەپەڕێت. هێشتا لەو بیست كامێرای چاودێرییەی كە لە دەرەوە و ناوەوەی رێستورانتی
(هۆققەباز)دا هەبوون، یەك چركەش بڵاونەكراوەتەوە و دەڵێن دوای رووداوەكەش رێستورانتەكە
جممەی دێت لە مشتەری! رووداوەكە هەر چۆنێك بووبێت، ئیتر لێرە بەدواوە دوای ئەو هەموو
قسەوباسەی بڵاوكرانەوە، راستیی مەسەلەكە بەشێوەیەكی زۆر جیدی زیانی پێگەیشتووە. بێدەنگی
دەزگا ئەمنییەكان و سستییان لە گەیاندنی زانیاری، رۆژ بە رۆژ ئەو گومانەی قووڵتر
كردەوە كە شتێك روویداوە و دەبێ دابپۆشرێت".
ئەم
ووتارەى ڕێبوار کەریم وەلى، هاوکات بوو لەگەڵ وتارێکى ئاکۆ محمەد سەرۆکى تۆڕى
میدیاى ڕووداو و بەرپرسى مەلەفى ڕاگەیاندنى (نێچیرڤان بارزانى) کە ناڕاستەوخۆ
نیشانەى پرسیار دەخاتە سەر تواناى حکومەت و دەڵێن: "کوردستانى زیانى
بەرکەوتووە لەم دۆخەدا".
ئەم
شەڕە چیە؟
ململانێى
نێوان مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى لەبارەى دۆسیەى نەوت و داراییەوە، نفوز و
دەسەڵاتەوە پێشتر لەقۆناغێکى زەقدابوو، بەڵام ئێستا دۆسیەیەکى قورسترى هاتووەتە
سەر ئەویش دۆسیەى پەیوەندى هەواڵگرى و سیاسیە لەگەڵ تورکیا، ڕوانگەى مەسرور
بارزانى و نێچیرڤان بارزانى نەک جیاوازە بەڵکو مەسرور بارزانى بەهیچ شێوەیەک
نایەوێت بڕواتە ژێر هەیمەنەى ئەو ڕایەڵەیەى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ تورکیا دروستى
کردووە، پاشان نزیکبونەوە لەعێراق یەکێکى دیکە لەترسەکانى تورکیا کەدواجارى
فشارێکى گەورەیە لەسەر ئایندەى نێچیرڤان بارزانى.
لەلایەکى
دیکەوە هەر لەسەرەتاى هاتنى بۆ کابینەى نوێى حکومەت مەسرور بارزانى بەچەند مانگێک
پێش ئەوە دەستى کردووە بە کنەى سەرجەم رایەڵە ئابورى و سیاسى و هەواڵگرییەکانى
نێچیرڤان بارزانى لەناوخۆ و دەرەوەى حکومەت، ئەمەش وایکردووە نێچیرڤان بارزانى
هەوڵى جدى بدات بۆ وەستاندنى وە ڕووداوەکانى هەولێر بەشێکى زۆرى لەژێر کاریگەرى
ئەو ململانێیەدایە.
ڕۆژمەنوسەکانى نێچیرڤان بارزانى کابینەى حکومەت لاواز وەسف دەکەن
کەیسى
ئاشتى هەورامى!
دواى
ئەوەى هەموو هەوڵەکانى نێچیرڤان بارزانى شکستیان هێنا بۆ ئەوەى ئاشتى هەورامى بکاتەوە
بە وەزیرى سامانە سروشتیەکان هەفتەى ڕابردوو بە کۆمەڵێک دەسەڵاتى تەشریفیەوە
دووبارە ئاشتى هەورامى کرا بە ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیران.
ئەم
کارە نێچیرڤان بارزانى نیگەران کردووە، بۆ هێنانەوەى باڵانسى خۆى و ئاشتى هەورامى
کە لەدۆسیەى نەوتدا نزیکترین کەسیەتى، فەرمانى داوە لەڕێگەى ڕووداوە هاوسەنگى
کەسایەتى بپارێزن، بۆیە ڕووداو لەڕێگەى (عومەر شایان) بەرپرسى بەشى دیسکى ئابورى
ڕووداو ڕاپۆرتێکى ئامادەکردووە کە سەرجەمى (وەسفى) پێچەوانەى ئاشتى هەورامى بووە،
ئەمە جگە لەوەى لەڕێگەى پۆرتاڵەکەیانەوە هەمان کاریان بۆ ئاشتى هەورامى کردووە.
مەسرور
بارزانى پێى کام گەندەڵکار دەبڕێت؟
لایەنگرانى
مەسرور بارزانى گەندەڵى و شکستخواردوویى حکومەت بە خاڵى لاوازى حکومەتى پێشوو
دەزانن لەم ڕێگەیەوە زۆرترین هەوڵدەدەن بۆ ئەوەى نێچیرڤان بارزانى بشکێنن، بۆیە
ئێستا دەستى ڕاگەیاندنى نزیک لە مەسرور بارزانى ئاوەڵا کراوە بۆئەوەى کەیسى
گەندەڵیەکانى حکومەت ئاشکرابکەن، بەڵام پرسیارە ئەوەیە ئایا ئەمە زەمینە سازییە
بۆچى؟
مەسرور
بارزانى لەماوەى شەش مانگى داهاتوودا لەڕێگەى ڕاگەیاندنەوە زەمینەسازى دەکات بۆ تەسفیەکردنى
ئەو سەرمایەدار و کەسایەتیە ئابورییانەى لەسەردەمى ئەودا بوون لە ملیاردێر و
ملیۆنێر، ئەوەش لەپێناو ئەوەى کۆمەڵێک کەسى دیکە بێنە پێشەوە کە نزیکبن لەخۆیەوە
تاوەکو بنکەى ئابورى حکومەتەکەى لەڕووخان و کاریگەرى نێچیرڤان بارزانى بپارێزێت،
یان دەبێت بێنە ژێربارى خۆیەوە.
هەولێر
دەبێتە شارێکى نائارام؟
مللامنێکانى
نێوان مەسرور بارزانى لەڕووى ئابورى و ئەمنیەوە بەشێوەیەکى ئاشکرا و نهێنى زیانى
گەورە لەهەولێر دەدەن، بۆیە پێشبینى دەکرێت پڕۆژە ئابورییەکان و پاشان ئاسایشى
وەبەرهێنەران و تەنانەت دیبلۆماتى و سیاسى لەژێر کاریگەرى ئەو ململانێیەدا بێت
چوار ساڵى داهاتوو بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە چوارساڵى ئایندە بۆ مەسرور بارزانى
چوارساڵى زەمینەسازى و بەهێزکردنى پێگەیەتى لەهەولێر بۆ خولى داهاتوو، ئەم
ڕێکخستنەش هەروا بەئاسانى ئەنجام نادرێت و کات و مللانێیەکى تاقەت پڕوکێنى دەوێت.
پێچەوانەى
پێشبنیەکان، ئەو دوو کەڵەى لەپاشماوەى ئاگرەکەى هۆقەباز لە ڕاگەیاندنى پارتى هەستاوە
ڕەنگە نیشانەى چوارساڵى سەخت و نائارام بۆ هەولێر بهێنێت. ئەوەش واتاى حکومەتێکى
لاواز و سەرۆکێکى بێ بنکە لێکدەدرێتەوە.