وڵات _ تایبەت
دیوانی چاودێری دارایی راپۆرتێكی تایبەتی لەسەر وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی نوسیوە، لەوبارەیەوە چەندین رەخنەو گەندەڵیو بەهەدەردان لەو وەزارەتە ئاشكرادەكات، ئاماژە بە دۆسیەی كەمئەندامان دەكات كە بەشێوەیەكی نایاساییو بە لێشاو كراون بە كەمئەندام.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سەدان ملیۆن دیناری بەهەدەرداوە لەبەشێكی زۆر بڕگەكانی تایبەت بە خەرجكردنی پارە لایداوە لە رێنماییەكان.
دیوانی چاودێری دارایی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵاتی زۆرینەی ئەو كەلوپەلە كڕدراوانەی لەلایەن لیژنەی كڕینەوە كە كوژمەی كڕینیان لە سێ ملیۆن زیاتر بووە، پێشەكی دەرخستەیان بۆ وەرنەگیراوە ئەوەش پێچەوانەی رێنماییەكانی كڕینە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
دیوانی چاودێری دارایی خاڵ بەخاڵ هەڵەكانی خستووەتەڕوو، سەرەتا باسی خەرجكردنی یەك ملیۆن و٩٥٦ هەزار دینار دەكات بۆ پاداشت، بەڵام هیچ بەڵگەیە نەبووە لەبەردەستدا كە بی سەلمێنێت پاداشتەكە وەرگیراوە ئەوەش لەپاداشتی (كرێ) دا هەمان حاڵەت بە گوژمەی ٧٥٣ هەزار دینار دووبارە بووەتەوە.
زۆرینەی كەلوپەلە كڕدراوەكان دەرخستەیان بۆ وەرنەگیراوە
هەر لەبارەی پاداشتەوە دیوانی چاودێری دارایی ئەوەی لەناو پسوڵەكانی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دەستكەوتووە، ئەم وەزارەتە بەبێ وەرگرتنی ناسنامەی باری شارستانی وەزارەت پاداشتی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكردووە.
دیوان باسی بەهەدەردانی بڕی ٣٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی دەكات بۆ گواستنەوەی كرێكارانی بیانی تەرخانكراوە، بەڵام هیچ لیستێك لەبەردەست نەبووە بەناوی كرێكارانی بیانیەوە، دەڵێت "هیچ پسولەیەكی خەرجكراو بەناوی كۆمپانیای گوێزەرەوە نەبووە".
دیوانی چاودێری دارایی، دێتە سەر باسی بەڕێوەبەرایەتی كەمئەندامانی هەولێرو بەڕوونی ئاماژە بەهەڵەو كەموكوڕییەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە دەكاتو لەسەرەتاشدا گەندەڵیەكی گەورەی بەڕێوەبەرایەتیەكە هەڵدەداتەوە، كە ئاماژەیە بە ناساندنی هەزاران كەمئەندامی پێشمەرگە بەبێ بوونی بەڵگەی پێویست.
دیوان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، دۆسیەی پێنج هەزار كەمئەندام تەنها یەك پشگیری وەزارەتی پێشمەرگەی تێدابوو بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەك وەكو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی داراییو لیژنەی پزیشكی.
هەر لەو بەڕێوەبەرایەتیە، بەشێوەیەكی نایاسایی "فەرمانی خەرجكردنی پارە"دراوە، ئاماژە بە فەرمانبەرێك دەكات كە ناونیشانەكەی (بەڕێوەبەری كۆگایە)و بڕوانامەكەی (دەرچوی ناوەندییە)، بەڵام دەسەڵاتی واژوكردنی چەكو راكێشانی موچەی دراوەتی.
پاشان دیوان، رەخنەو تێبنیەكانی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی دهۆك دەخاتەڕوو، ئاماژە بەچەندین سەرپێچیو بەهەدەردان دەكات لەم بەڕێوەبەرایەتیە.
دیوانی چاودێری دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لەم بەڕێوەبەرایەتیە بەشێوەی راستەوخۆ بەبێ وەرگرتنی (دەرخستە) ٢٠٠ ملیۆن خەرجكراوە، لەكاتێكدا بەگوێرەی رێنماییەكان دەبێت بۆ خەرجكردنی هەر گوژمەیەك كە لەسەروی ٣ ملیۆنەوە بێت دەرخستە (عەرز) وەربگرێت لەلایەن لیژنەی كڕێنەوە، ئەمە جگە لە بەش بەشكردنی كڕینی كەلو پەل كە كوژمەكەی خۆی لە ١٢٧ ملیۆن دینار دەدات بەبێ یاداشتی رێگەپێدانی ئەو شێوازە لەخەرجكردن.
دیوانی چاودێری دارایی، رەخنەی ئەوەش دەگرێت، لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پارێزگای دهۆك خەزنەدارو بەڕێوەبەری كۆگا نیە، هاوكات ئەوەش بەكەمتەرخەمی لێكدەداتەوە كە لەدروستكردنی باڵەخانەكەی خۆیان لەلایەن پارێزگای دهۆكەوە نوێنەریان لە لیژنەی سەرپەرشتیاری نەبووە.
دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ بەڕێوەبەرایەتی كارودەستەبەری كۆمەڵایەتی سەربە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كردووە، لەیەكەم خاڵدا باسی خەرجكردنی پاداشت لەدەرەوەی رەزامەندی وەزارەتی دارایی دەكات، رەخنەی ئەوەی گرتوو بۆ هەر فەرمانبەرێكی دیوان بڕی ٧٥ هەزار دینار وەكو هاندان خەرجكراوە، بەبێ ئەوەی فەرمانی وەزارەتی دارایی هەبێتو ئەمە جگە لەخەرجكردنی مانگانە ٢٠٠ هەزار دینار بۆ گرێبەستێك لەدەرەوەی رەزامەندییەكان.
بۆ بنكەی مەشقی پیشەیی دهۆك كەلو پەل بەگوژمەی زیاتر لە ٧٠١ ملیۆن دینار بەبێ بوونی هیچ كەمكردنەوەیەك كڕدراوە
دیوان دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەكمان نەدۆزییەوە لەسەر خەرجكردنی ئەم پارەیە كە لەدەسەڵاتی وەزارەتی دارایی بێت".
هاوكات، ئاماژە بە خەرجكردنی گوژمەیەك دەكات بەبڕی ٣٠٣ ملیۆنو ٢٥٠ هەزار دۆلار دەكات بۆ فەرمانگەی راهێنانی مەشق لەو بەڕێوەبەراتیە لەگەڵ ئۆتۆمبێڵێكی مارسیدس، بەڵام پارەكە خەرج نەكراوە لەبانك ماوەتەوە، چارەنوسی یەكلایی نەكراوەتەوە.
دیوانی چاودێری دارایی رەخنەش لەوە دەكرێت بۆ بنكەی مەشقی پیشەیی دهۆك كەلو پەل بەگوژمەی زیاتر لە ٧٠١ ملیۆن دینار، بەبێ بوونی هیچ كەمكردنەوەیەك.
سێهەم فەرمانگەش دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ كارەكانی كردووە، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی كۆمەڵایەتی بووە.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی دیوان، بەشێوەیەكی گشتی كڕین بەش بەش كراوە بۆ ئەوی پابەند نەبن بەهێنانی (دەرخستە)وە.
دیوانی چاودێری دارایی جەخت لەسەر چارەسەركردنی دۆسیەی ئەو پێنج هەزار خاوەن پێداویستیە تایبەتە دەكات
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پێچەوانەی رەزامەندی رۆژانە ٢٥٠ ژەم خواردن دابینكراوە بۆ بەڕێوەبەراتیەكە لەكاتێكدا خواردن تەنها بۆ (ڕاگیراوانە) واتە ئەوانەی زیندانیكراون.
هاوكات كۆمپانیایەكی دابینەكەری خۆراك، دەبوو بەگوێرەی گرێبەست ٤٠ ملیۆن دینار وەكو كەفالەت پێشكەش بكات، بەڵام كۆمپانیاكە تەنها ١٠ هەزار دیناری پشكەش كردووە، ئەوەش بەلای دیوانەوە رەتكراوەتەوە.
دیوان ئاماژە بەدیارنەمانی ٩ پارچە چەك دەدات لەم بەڕێوەبەراتیە بە پێكهاتەكانیانەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو كەسانەی لە بەرێوەبەراتیەكە رۆشتوون چەكەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووەو نەیانداوەتەوە.
هەر دوای راپۆرتەكە، دیوانی چاودێری دارایی (گوتارێكی كارگێڕی) بۆ وەزارەتی كاروكاباری كۆمەڵایەتی دەردەكات، داوای چاكسازی دەكات لەهەموو ئەو بڕگانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی خەرجیان تێداكراوە، بەتایبەت گەڕانەوەی چەندین بەش لەپارە كە بە نایاسایی خەرجكراوە.
هاوكات دیوانی چاودێری دارایی جەخت لەسەر چارەسەركردنی دۆسیەی ئەو پێنج هەزار كەمئەندامە دەكات لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە پشگیركراون، داوای لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان دەكات.
