زەردەشت بابان
ڕاوێژکارى پارتى کۆمارى ئەمریکا و یەکێک لە ڕاوێژکارەکانى حکومەتى فیدراڵى ئەمریکا
دیدارێکى تایبەتى لەگەڵ ڕۆژنامەنوس (چلانە قادر) بۆ ئاژانسى وڵات ئەنجامداوە، لەم
دیدارەدا زەردەشت بابان باسى پەیوەندییەکانى ئیدارەى ئەمریکا دواى ڕیفراندۆم و
حکومەتى نوێ دەکات و نایشارێتەوە ئەمریکا بەنیازە لەبرى بەغداد قونسوڵیەتى خۆى
لەهەولێر بەهێزتربکات، دەڵێت: "پەیوەندییە سەربازییەکانمان لەگەڵ کورد
لەئاستێکى زۆر باشدان".
وڵات: ئایا پەیوەندییەکانى هەولێر و واشنتۆن دواى ڕیفراندۆم قاڵبێکى سروشتى خۆى وەرگرتووەتەوە؟
زەردەشت بابان: ئەو کاتەى ڕیفراندۆم کرا سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا بە
قۆناغێکى پڕ گۆڕانکارى و سەیردا دەڕۆشت، هۆکارەکانى پەیوەست نەبوو بەڕووداوەکانى
عێراق و وڵاتانى ترى ناوچەکەوە بەڵکو پەیوەست بوو بە ئیدارەى سەرۆک ترامپ و ئەو
بەڵێنانەى بەگەلى ئەمریکاى دابوو و متمانەى بە تیلەرسن هەبوو بۆ جێبەجێکردنیان
لەوانەش کشاندنەوەى سەربازى ئەمریکى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جەختکردنەوە لەسەر
ئەوەى شەڕى داعش لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەبێت بەشەڕى سەربازى ئەمریکى دووەمیش
کەمکردنەوەى خەرجى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و بەشێک لە کاربەدەستەکانى.
بەتایبەت کوردستان کێشەیەکى هەبوو ئەویش برێت ماکگۆرگ یان دانبوو کە کەسێکى
بێکاریگەربوو لە عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوەکەى تەنها تایتڵ بوو، لەوکاتەدا کە
ئیدارەى ئەمریکا بەو دۆخە ئاڵۆزەدا دەڕۆشت کوردستان کە هاوبەشى ئەمریکابوو نەک
هاوپەیمان چونکە (ئەڵمانیاو بەریتانیا هاوبەشى ئێمەن نەک کورد) ڕیفراندۆمى کرد،
بۆیە ئەوکات ڕووداوەکان ئاڵۆزببون و گلەیى لە ئیدارەى ئەمریکا دەکرا بۆچى
هەڵوێستیان نیە چونکە ئەمریکا لەوکاتدا لە پێگەیەکدا نەبوو هەڵوێستى هەبێت، بۆیە
ئەمریکا جێپەنجەى کەمتر بەڕووداوەکانەوە دیاربوو لە پێشبینى خەڵک، بەگشتى
پەیوەندییەکە لەجێگەى خۆى بوو بەڵام شێوەکارى پەیوەندییە جیاوازبوو.
وڵات: کەواتە دواى ئەم هەموو بەرزنزمیە لە پەیوەندى دەکرێت بڵێت پەیوەندى هەولێر و واشنتۆن گەرمترە لە پێش ڕیفراندۆم؟
زەردەشت بابان: ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکى بە ڕیفراندۆمەوە نەبوو، نەوتومانە
بکرێت نە ووتومانە نەکرێت، هەر شتێکیش برێت ماکگۆرک وتبێتى "ئیجتهادى
کەسى"ى خۆى بووە و سەرۆک ترامپ و وەزارەتى دەرەوە ئاگایان لێى نەبووە،
تەنانەت کاتێک لەکارەکەى دەرکرا سەرۆک ترامپ ووتى: "نەناسیومە و نا مامەڵەم
لەگەڵ کردووە".
ئەمریکا وەکو ئیدارە هیچ هەڵوێستێکى لەسەر ڕیفرادۆم نەبوو، بۆیە
پەیوەندییەکە لەبنەڕەتدا جێگیربوو و تێکنەچووبوو بەڵام شێوەکەى ڕەنگە گۆڕانکارى
بەسەر هاتبێت، بۆیە پەیوەندى ئێستاى ئەمریکا لەگەڵ کوردستان لە چوارچێوەى
عێراقدایە بەڵام ئەمریکا جیاواز سەیرى کوردستان دەکات لەبەر چەند هۆکارێک
(کوردستان جێگیرترە، ئابورییەن باشترە، وە هاوبەشى سەربازى ئەمریکابووە لەشەڕى
داعشدا) هاوکات سەرۆک ترامپ قسەیەکى باوى هەیە لەبارەى کوردەوە دەڵێت : "کورد
چەند کەسێکن دەتوانین بازرگانى و مامەڵەیان لەگەڵ بکەین جیاواز لە عێراق".
وڵات: ئەم قسەیەى سەرۆک ترامپ بووەتە هۆکارى ئەوەى پێگەى وەبەرهێنانى
ئەمریکا زیاتربێت لەکوردستان؟
زەردەشت بابان: ئەمریکا وڵاتێکى سەرمایەدارییە، سەردانەکەى ریک بێرى وەزیرى
وزەى ئەمریکى یەکێک لەهۆکارەکانى هاتنى بۆ عێراق و کوردستان باشکردنى پەیوەندى
بازرگانى و ئابورى بوو لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڵام بیرت نەچێت ئێمە لە
سەرمایەداریدا دەژین ئەوەش واتاى ئەوەى (ئێمە وەکو دەوڵەت زەمینەسازى دەکەین،
بەڵام دواجار کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرسیارن لەوەى کاردەکەن یان نا، چونکە
کۆمپانیاکانى ئێمە بەشێک نین لەدەوڵەت وەکو کۆمپانیایەکى تورکى نیە کە ٥٠% پشکى
حکومەت بێت و تورکیا کە فەرمان بدات بچێت کاربکات).
ئهمریكا بایهخ به قوسنوڵى ههولێر دهدات تا سهفارهت له بهغداد
وڵات: ئایا شکڵکى پەیوەندییە سەربازییەکانى هەولێر و واشنتۆن لەچیدا خۆیان
دەبینێتەوە؟
زەردەشت بابان: پەیوەندییە سەربازییەکانى واشنتۆن و کوردستان لەئاستێکى زۆر
گەورەدان، چونکە یەکێک لە پێشنیارەکانى (پەمپۆیۆ) وەزیرى دەرەوە کەپێشتر بڕیارى
سەرۆک ترامپ خۆشى بووە کەمکردنەوەى دیبلۆماتکارە ئەمریکیەکانە لە عێراق و
ئەفغانستان، بەڵام پێچەوانەى ئەوە لە واشنتۆن بایەخێکى گەورە بە "قونسوڵیەتى
ئەمریکا لەهەولێر دەدرێت، چونکە واباشترە ئێمە قونسوڵى ئەمریکا لە هەولێر
بەهێزتربکەین تاوەکو سەفارەت لە بەغداد بەرژەوەندییە سیاسى و ئابورییەکانمان وادەخوازێت،
کەواتە پەیوەندییە لەئاستێکى باشدایە بۆیە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەرامبەر
کوردستان هەیە لە وەزارەتى دەرەوە، هەر بۆبیرهێنانەوە زۆرجار ئامۆژگارى
کۆمپانیاکان دەکرێت ئەوکاتیش بەهۆى شەڕى داعشەوە بەشێک لە وەبەرهێنانى ئەمریکى
لەکوردستان کەمبویەوە چونکە وەزارەتى دەرەوە ئاگادارى کردنەوە کە کارەکانیان
بوەستێنن تاوەکو دۆخەکە باشتر دەبێت.
کەواتە بایەخ بە پەیوەندى کورد دراوە، ڕاستیەک هەیە ئەگەر سەرۆکێکى تر
لەجێگەى ترامپ بووایە بەدڵنیاییەوە جۆرێکى دیکە دەبوو چونکە سەرۆک ترامپ لە
سیاسەتدا بایەخ بە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست نادات، بەڵام هەندێک کەسایەتى هەن لەوانەش
جۆن بۆڵتن پشگیرى لە کورد دەکەن و ئەوانەى خزمەتى سەربازییان هەبووە کاتێک قسە
دەکەن یان (تێستەمەنى _ئیفادە) دەدەن کوردستان وەکو نمونەى ئارامى دەهێننەوە کە
ئەمریکا دەتوانێت بەشێوەى ڕێک و پێک بەرژەوەندییەکانى ببات بەڕێوە، بۆیە بەگوێرەى
تەرازووەکەى ئێمە لە کۆنگرێس کوردستان ٩ لە ١٠ دەهێنێت بەڵام حکومەتى عێراق ٢.٥
دەهێنێت بەوڵاتى شکستى وەسف دەکرێت.
وڵات: ئێستا حکومەت لەکوردستان گۆڕاوە، ڕوانگەى حکومەت ڕووە و عێراقە ئایا
ئەمە لەگەڵ بەرژوەندییەکانى ئێوە دەگونجێت لەناوچەکەدا؟
زەردەشت بابان: بەڕاستى ئەمڕۆ ئەم سیاسەتە زۆر هاوتایە لەگەڵ ئەمریکا کە
وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى وەکو ئامێر جێبەجێ دەکەن، چونکە سەیرى عێراق دەکەن وەکو
یەک پارچە زەوى، لەدەرەوەى ئەوە کورد کاربکات توشى هەڵەى جییۆستراتیژى و جیۆ سیاسى
دەبێت، چونکە تۆ ناتوانى پێچەوانەى شەپۆلەکە مەلەبکەیت، هاوکات خاڵى دووەم زۆر
گرنگ ئەویش ئەوەیە ئێستا ئەمریکا لە سیاسەتى تورکیا زۆر دورە، واتە دورکەوتنەوە لە
سیاسیەتى (تورکیا، ئێران، ڕوسیا) سیاسیەتێکى حەکیمانەیە.
لەسەرو ئەوانەشەوە مادام هێزە گەورەکانى جیهان لەسەرو هەمویانەوە (ئەمریکا
و ئەوروپا) عێراق وەکو یەکپارچە سەیردەکەن و دەیانەوێت لەو چوارچێوەیەدا پەرە
بەعێراق بدرێت، گرنگە بایەخ بەم پرۆسەیە بدەین چونکە لەوانەیە ئەوە ڕێگا بۆ کورد
بکاتەوە بیکات بە کۆنفیدراڵى ئەگەر ئەوەش نەبێت تۆ کەیسێکى بەهێزت دەبێت بۆ بوون
بە وڵات.
وەکو تەجروبەى سیاسى خۆم کاتێک سەفەرم کردووە بۆ وڵاتان بەکارى خۆم یان
کارى فەرمى هەمیشە پێناسەى هەرێمەکانمان بەڕادەى یاخى بوونیان لە ناوەند
هەژماکردووە، وە ئێمە کاتێک پێناسەى بەشێک لە وڵاتان دەکەین بەشکست، زۆرجار ئەو
پرسیارە دێتە پێشەوە کاتێک ئێوە بەعێراق یان ئەفغانستان دەڵێن شکست، بۆچى وا
سەیریان دەکەن، وەڵامەکەى زۆر ڕوونە چونکە (دیوێکى شێوە سیاسیەکەى شکستە، بەڵام
دیوێکى دیکەى یاساییە).
وڵات: کەواتە حکومەتى نوێ بەلاى ئەمریکاوە حکومەتێکى دڵخوازە؟
زەردەشت بابان: ئێمە بەدواى یەک شتەوەین ئەویش "سەقامگیرى"،
لەوانەیە لاى کورد سەقامگیرى واتاى ئەوەى موچە و کارەباى هەبێت، بەڵام بۆ ئێمە
واتاى وڵاتەکە شکست نەبێت و ئاسایشى هەبێت کۆمەڵێک خەڵکى لێبیێت بتوانین بەئاسانى
پەیوەندییان لەگەڵ بگرین بۆ ئەوەى بەرژوەندییە سیاسى و ئابورى و سەربازییەکانمان
بەرین بەڕێوە.
چەند خەڵکى کوردستان بەلایەوە خۆشە حکومەتى هەبێت ئێمەش ئەوەندەمان پێخۆشە،
بەڵام هى ئێمە جیاوازترە بۆ ئەوەیە بەرژوەندییەکانى خۆمان بەتایبەتى سیاسى و
سەربازى لەناوچەکە بەدیبهێنین، ئەمڕۆ هەرێمى کوردستان بۆ ئێمە گرنگ هەرچەندە من
لەبەر کارەکەم ناتوانم زۆر کراوە زانیارى بدەم بەڵام زۆربەى کارە سەربازى و
ئەمنیەکانمان لەعێراق لەهەرێمى کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت، تەنانەت شەڕى داعش
لەسوریا ئۆپراسیۆنەکانمان لە هەرێمى کوردستانەوە بوو.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەو حکومەتەى لەکوردستان دێتە سەرکار لە واشنتۆن
ناسراوبێت، لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا زۆر گرنگە بۆیە کاتێک سەرۆکوەزیرانێک
هەڵدەبژێرێت یان سەفیرێک هەڵدەبژیرێت، لە کۆبونەوەکانى واشنتۆن دەڵێین:
"زۆرباشە چونکە دەزانین کێیە"، تەنانەت لەکۆبونەوەى خۆماندا سەرۆک ترامپ
کاتێک باسى "بۆریس جۆنسنى کرد" هەمان وشەى دووبارە کردوە، کەواتە ماناى
ئەوەیە "ئەتوانین مامەڵەى لەگەڵ بکەین".
لە ئێستادا واشنتۆن گوێ لەداواى پەکەکە ناگرێت
وڵات: جەمیل بایەک لەڕێگەى واشتۆن پۆستەوە بەوتارێک داواى ئاشتى لەتورکیاکرد،
ئەمە واتاى ئەوەیە پەیوەندى قەندیل و واشنتۆن نزیکبونەوەى بەخۆوە بنیوە؟
زەردەشت بابان: دەبێت پەکەکە بە مۆدیڵى موجاهیدنى خەلق تێپەڕبکات، بەڕاى
خۆم و ئەو ئەزمونەى هەمە یەکەم شت کوردانى باکور دەبێت لە لیستى تیرۆرى ئەمریکا
بێیتە دەرەوە، دەبێت ئەو هێزانە مۆدێلى موجاهیدینى خەڵک بەکاربهێنن واتا لۆبیەکى
گەورە پاڵپشتیەکى گەورە دروستبکەیت و ئەوکات قسەکردن لەگەڵ واشنتۆن و پاڵپشتى
تەنانەت هەرێمى کوردستان بۆت ئاسان دەبێت، ڕاستە ئەمریکا لە سیاسەتى دەرەوە دوورە
لەتورکیا بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیرچیت پەیوەندى بازرگانى و ئەمنیمان لەگەڵ تورکیا
هەیە بۆیە ئەستەمە ئەمڕۆ ئەمریکا گوێ
لەهەر داواکارییەک بگرێت لەلایەن کوردانى باکور و
پەکەکەوە ئاڕاستەى واشنتۆن دەکرێت، خاڵى دووەم کورد نابێت پارچەکانى دیکە
کوردستان ببەستێت بەیەکەوە هەر پارەچەیەک و دۆخى خۆى هەیە چونکە نابێت توشى هەمان
هەڵەى فەڵەستین بینەوە، کاتێک یاسر عەرەفات ووتى: "ڕزگارکردنى فەڵەستین لە
بەیروتەوە دەستپێدەکات، بۆیە بەیروتیشیان لەدەستچوو قودسیش یان
بەدەستنەهێنا". بۆیە ڕزگارکردنى پارەچەکانى دیکەى کوردستان لەهەولێر و
سلێمانیەوە دەستپێ ناکات و چونکە بەرژوەندى سیاسى و ئابورى جیاوازمان هەیە، بۆیە
هەموو پارچەکان بیر لە بەرژوەندى خۆیان بکەنەوە.
ژیان: بەڵام پارچەکانى ڕۆژهەڵات لە لیستى تیرۆردانین، ئایا دەکرێت وەکو موجاهیدین هاوکارییان بکات؟
زەردەشت بابان: نەخێر، چونکە ئەوان گەورەترین لۆبیان لەماوەیەکى کەمدا
لەئەمریکا دروستکرد، بەڵام پارتەکانى رۆژهەڵات ناتوانن ئەوە بکەن، نزیکەى یەک
ملیۆن ئێرانى لەشارى لۆس ئەنجلۆس دەژین بزنس مان و خاوەن بڕوانامەن خەڵکى ئەمریکان
فشاریان کرد تاوەکو بگەن بەم ئاستە، بەجۆرێک ئەو دەرگایەى بۆ ئەوان کراوەتەوە
لەکۆشکى سپى بۆ هیچ حەرەکاتێک لەمێژوودا نەکراوەتەوە و زۆر بەئاسانى دەگەنە
کەناڵەکانى کۆشکى سپى، بۆیە من ئامۆژگارى هەموو هێزێکى کوردى دەکەم ئەم مۆدێلە
بەکاربهێنێت بۆ ئەوەى ببن بەشێک لەهاوکێشەکە.
کوردانى ڕۆژهەڵات، نە تواناى سەربازى و نە ئابورییان ئەوە نیە بتوانێت ئەو
کارە بکات، ئەمەش عەیبە نیە چونکە تۆ لۆبیت نەبێت و پارەت نەبێت ئەو کارەت
پێناکرێت، بەڵام پێویستە ئەمە لە ستراتیژ و پلانى ئەوان جێگیربکرێت.
من کوردم نەبینیوە تائێستا بێتە ئەمریکا و بڵێت من ئەوەم و ئەوەم دەوێت،
بۆیە لۆبیکردن لەئەمریکا زۆر جیاوازە ئەگەر کلتورى سیاسى ئەمریکا هەزم نەکەیت
ئەگەر بە پلانیشەوە بێیت ناتوانیت سەرکەوتووبیت.



