نوێترین

recent

13/07/2019

نوسینگەى قوباد تاڵەبانى لەبارەى گواستنەوەى (دڵشاد عومەر) ڕونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە


وڵات_ سلێمانى

وتەبێژی فەڕمی قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێكارێكی ئیدارییە تایبەت بە گواستنەوەی ڕاژە و بەھیچ شێوەیەك گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیدارییەوە.

سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر بەخشینی دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و گواستنەوەی ڕاژەکەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت،ھەردوو بڕگەی٢ و ٣ لە ماددەی ١٢ لە یاسای پارێزگاكانی ھەرێم ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، دانانی بەڕێوبەری گشتی و لەسەر كارلادانی دەكەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاوە نەك گواستنەوەی ڕاژەی بەڕێوەبەری گشتی كە ڕێكارێكی ئیدارییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیە.

دەقی رونکردنەوەکە:

سەبارەت بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەخشینی بەڕێز دڵشاد عومەر لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و گواستنەوەی ڕاژەکەی بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە بە ھەمان پلەی وەزیفی خۆی وەک بەڕێوەبەری گشتی، ئەم ڕوونکردنەوە یاساییە دەخەینەڕوو:-

یەکەم: ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارێکی ئیدارییە تایبەت بە گواستنەوەی ڕاژە و بە ھیچ شێوەیەک گواستنەوەی فەرمانبەر ناچێتە خانەی سزادانی ئیداریەوە کە لە یاسا بەرکارەکاندا ئاماژەیان پێدراوە. بۆیە بە ھیچ شێوەیەکیش ئەم بڕیارە سیاسی نیە.

دووەم: بە پێی ھەردوو بڕگەی٢ و ٣ لە ماددەی ١٢ لە یاسای پارێزگاکانی ھەرێم ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٩، دانانی بەرێوبەری گشتی و لەسەر کارلادانی دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگاوە نەک گواستنەوەی ڕاژەی بەڕێوەبەری گشتی کە ڕێکارێکی ئیدارییە و لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیە.

سێیەم: سەبارەت بە بڕگەی ٢ ی فەرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ھەڵسانی بەڕێز مامۆستا عومەر محمد امین کە خۆی جێگری بەڕێوەبەری گشتیە بە ڕاییکردنی کارەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە وەکالەت، مانای دامەزراندنی ناوبراو نیە بە بەڕێوەبەری گشتی بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بەڕێوەبەرێکی گشتی نوێ دابنرێت.

چوارەم: مامۆستا دڵشاد عومەر لە پلە وەزیفیەکەی کە بەڕیوبەری گشتی نەبەخشراوە و ھەمان پلەی دەبێت لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە.

پێنجەم: دادگاکانی کارگێڕی لە ھەرێمی کوردستان لایەنی پەیوەندیدارن بۆ تانەدان لە بڕیار و فەرمانە کارگێڕییەکان.

سەمیر ھەورامی
وتەبێژی فەرمی بەڕێز قوباد تاڵەبانی

Picsart-24-02-23-21-31-09-085