
شەڕی نێوان هەردو عەشیرەتی هەرکی و زێباری لەقەزای ئاکرێ بەردەوامە و عەشیرەتی هەرکی گۆندی (باژێرە) کۆنتڕۆڵ دەکەن و دو کەسیش بەدیل دەکرن و منداڵێکیش بریندار دەبێت.
سەرچاوەیەک لە قەزای ئاکرێ ئەوەی ئاشکراکرد ؛ دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە کە سەر بە عەشیرەتی زێباریبون، لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەستڕێژی گولـلەیان لە گەنجێکی سەر بە عەشیرەتی هەرکی کرد و برینداربو، شەڕوپێکدادان لەنێوان ئەو دو عەشیرەتە سەریهەڵداوە و تائێستاش بەردەوامە.
بەوتەی سەرچاوەکە، هاوڵاتیانی سەر بە عەشیرەتی هەرکی هێرشیان کردوەتە سەر گوندی باژێڕە لە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ و گوندەکەیان کۆنتڕۆڵکردوە، جگە لەوەش دو کەسیان لە عەشیرەتی زێباری بە دیل گرتوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەڕەکەدا دو ماڵ بە تەواوەتی سوتاوە و عەشیرەتی زێباریش گوندەکەیان چۆڵکردوە، هەروەها بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانیەوە مندالێک بریندار بوە.
بە پێی زانیارییەكان ؛ هێزە ئەمنییەکان چونەتە شوێنی روداوەکە و دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان، سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان ئەو دو عەشیرەتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی رابردو ئەوەش بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کە ئەوکات دو کەس لە عەشیرەتی هەرکی کوژران و کەسێکی دیکەش لە عەشیرەتی زێباری کوژرا.