نوێترین

recent

16/06/2019

"کۆنگرە بەتامى ئەمیر".. غەزەبى ئەمیر کێ دەسوتێنێت؟



وڵات _ تایبەت

بڕیارە کۆتایى ئەمساڵ کۆمەڵى ئیسلامى کۆنگرەى پێنجەمى خۆى گرێبدات، ئەوەش لەکاتێکدایە دۆخى ناوخۆیى کۆمەڵى ئیسلامى گەیشتووەتە ئەو پەڕى ئاڵۆزى.

ناوەڕاستى ئەمساڵ سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى پاش گفتوگۆیەکى چەند کاتژمێرى لەنێوەندى ئەو دۆخە سەختەى لەناوخۆى حیزبەکەدا تێدەپەڕى بڕیارى کۆنگرەیدا کە لەم ساڵدا ئەنجام بدرێت، ڕایەک لەناو کۆمەڵ هەیە ئەم بڕیارە بۆ داپۆشنى ناڕەزاییەتیەکانى هەولێر و ڕانیە و چەند ناوچەیەکى دیکەیە، ڕایەکى دیکەش پێچەوانەوە بیردەکاتەوە.

 
دڵیر گەرمیانى، ڕابەرى گروپى سەلەفییەکانى کۆمەڵى ئیسلامى


کامەران بابان زادە ئەندامى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى لەبارەى کۆنگرەى ئایندەى حیزبەکەى دودڵى خۆى ناشارێتەوە و ئاماژە بە چەندین دۆخى نەخوازرا دەکات و هاوکات چەندین پێشبینیش دەکات بۆ کۆنگرەى ئایندە، لەکۆتایدا دەڵێت: "منیش و هەموانیش دەزانین ئەمساڵ کۆمەڵى ئیسلامى کۆنگرە نابەستێت".

بەڵام ڕایەکى دیکە باوەڕى وایە، ئەمساڵ کۆمەڵى ئیسلامى کۆنگرەیەکى سەرکەوتوو ئەنجام دەدات.

کۆمەڵ لە کێ پێکهاتووە؟

کۆمەڵى ئیسلامى لە باڵێکى بزوتنەوەى ئیسلامى بەسەرۆکایەتى عەلى باپیر، باڵى نەهزەکان بەسەرپەرشتى ئارام قادر کە ئێستا حیزبێکى نوێى بۆ خۆى دامەزراندوە، باڵى شێخ محمەد بەرزنجى کە زیاتر حساب بۆ کەسایەتى و پەیوەندییەکانى دەکرا، گروپى سەربەخۆکان بەسەرۆکایەتى حاجى قاسم، گروپى  سەلەفییەکان بەسەرۆکاتى دلێر گەرمیانى، ئێستا ڕەوتێکى رۆشنگەریش دروستبووە کە هیچ کەس سەرۆکایەتى ئەم ڕەوتە ناکات بەڵکۆ کۆمەڵێک کەسى دیارین لەوانە  (خاڵە کاوە، شۆڕش ئەنوەر، هاوژین عومەر، عومەر گوڵپى) ئەمانە زیاتر ئەو کەسانەن کە لەدەرەوى بیکردنەوەى کۆمەڵ دەژین و بیردەکەنەوە و دەنوس.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ لەماوەى ٥ ساڵى ڕابردوودا کاتێک کۆمەڵى ئیسلامى گەیشتە ئاستى گەشەکردنێکى ناسروشتى، ئەوکات ململانێکان زۆر توندبونەتەوە، باڵى عەلى باپیر کە ڕەمزە سەرەکییەکانى پێکهاتوون لە ئەندامانى ئەنجومەنى سیاسى (محمەد حەکیم و ئەنوەر سەنگاوى، و عەبدوستار مەجید)، سەرقاڵى تەسفیەکردنى باڵ و گروپەکانى دیکەبوون لەوانەش (دەرپەڕاندنى ئارام قادر و بەرکەنارکردنى نەهزەکان کە ئێستا زۆرینەیان لەماڵەوە تەنها ئارام قادر نەبێت کە حیزبێکى بۆخۆى دروستکردووە، فشارخستە سەر باڵى سەربەخۆکان ئەویش لەڕێگەى گرتنەوەى پارە لە (فاروق عەلى بەڕێوەبەرى کەناڵى پەیام) بەبیانوى قەیرانى داراییەوە بۆ لادانى لەو پۆستە، لەڕێگەى ئەنوەر سەنگاوییەوە.

"کۆمەڵى ئیسلامى تا زیاتر لە کۆنگرە نزیک دەبێتەوە زیاتر قەیرانەکانى قوڵدەبنەوە"

سەرەتاى ئەم مانگە عەلى باپیر لەیادى لە دروستبوونى کۆمەڵى ئیسلامیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئەگەر پاشگرى ئیسلامى بۆ کۆمەڵ کێشە بێت ئەوا لایدەدەن، وتى: "لەکۆنگرەى داهاتوودا ئەگەر ئەو پرسە کێشەمان بۆ دروستبکات چارەسەرى دەکەین".

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ لەسەرچاوەیەکى نزیک لە مەکتەبى سیاسى ئەم پەیامە دوو خوێندنەوەى بۆ کراوە لەناوخۆى کۆمەڵى ئیسلامى، خوێندنەوەى یەکەمیان ئەوەبووە کە ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامى دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە خۆى و کۆمەڵ لەشەڕى ئەمریکا بپارێزێت و خوێندنەوەى دووەمیش ئەوەیە کە دەیەوێت بۆ هەتا هەتایە سەلفیەت لەناو کۆمەڵدا کۆتایى پێبهێنت کە ئەوان زۆر توڕەن لەو دۆخەکە بەتایبەت "دلێر گەرمیانى"، یان جڵەوگیریان بکات و وەکو گروپ دەرنەکەون.


محمەد جەکیم و ئەنوەر سەنگاوى

محمەد حەکیم کارگێرى ئەنجومەنى سیاسى کۆمەڵى ئیسلامى ماوەى زیاتر لە سێ مانگە چالاکیە دیارەکانى بەهۆى کۆنگرە هەڵپەساردووە جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە نابێت ئەندامان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان قسە بکەن، تەنانەت نامەیەکیشى لە گروپەکانى تایبەت بۆ کۆمەڵى ئیسلامى بڵاوکردووەتەوە بەوپەڕى نیگەرانیەوە، وتویەتى: "من چەندین جار ئەوەم دووپاتکردووەتەوە کە نابێت ئەندامانمان نیگەرانییەکان بخەنە سەر فەیسبووک، هەرچیتان هەیە بۆ خۆم یان ئەندامانى ترى ئەنجومەنى سیاسى بنێرن"، وە ئەوەى بە تاوان و گوناهى ئاینى وەسفکردووە.

"دلێر گەرمیانى دژى ئەوەیە پاشگرى ئیسلامى لە کۆمەڵ بکرێتەوە"

بەڵام لە وەڵامدا بەشێک لە ڕێکخستنەکان وەڵامیان داوەتەوە، ئەویان پێوتووە: "ئێوە وەڵامى پرسیارەکانى ڕێکخستن نادەنەوە".

ڕەشماڵى کۆمەڵ لە هەولێر شڕە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات کە لە چەند سەرکردەیەکى ناڕازى کۆمەڵەوە وەریگرتووە، کۆمەڵى ئیسلامى لەهەولێر نزیکەى ٣٠٠ خێزانى لەناو ڕێکخستەکانى لەدەستداوە، ئەمانەش سەربەو چەند سەرکردەیەکبوون کە لەکۆمەڵى ئیسلامى وازیان هێناوە، بۆیە ئێستا ڕێکخستنەکانى کۆمەڵى ئیسلامى توشى شڵەژانى گەورەبوون ئەو شوێنانەشى پڕکراونەتەوە بۆ داپۆشینى کێشەکە بووە نەوەکو چارەسەکردنى.


عەلى باپیر و چەند ڕێکخستنێکى کۆمەڵى ئیسلامى


کۆمەڵى ئیسلامى چۆنە و چى لێدێت؟

ئێستا کۆمەڵى ئیسلامى ناڕەزاییەکانى خەریکە کپ دەکرێن گۆڕەپانەکە بۆ باڵى بزوتنەوە کۆنەکان بەسەرۆکایەتى عەلى باپیر تەخت دەبێت، بۆیە پێشبینى دەکرێت عەلى باپیر لەکۆنگرەى داهاتوودا کۆمەڵ بەتامى عەلى باپیر یەکلایى بکاتەوە، بەڵام پێشبینى چارەسەکردنى کێشە ئەمنى و ماددییەکانى ناکرێت، چونکە کۆمەڵى ئیسلامى پێشتر چەند سەرچاوەیەکى دارایى هەبوو بۆ ئیدارەدانى خۆى و ڕاگەیاندنەکەى، لەوانەش (ئێران، پڕۆژە بچوکە بازرگانیەکان، هاوکارییەکانى یەکێتى و پارتى و حکومەت) ئێران دۆخى زۆر لەمەترسیدایە، قەیرانى داریى پڕۆژەکانى کۆمەڵى پەکخستووە، کۆمەڵى ئیسلامى سود لە حکومەت وەرناگرێت چونکە کۆمەڵ لەژێر گوشارى دیبلۆماسى و سیاسى پارتیدایە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085