نوێترین

recent

18/06/2019

لەهەناوى ئۆپۆزسیۆنى شکستخوارد، ئۆپۆزسیۆنى تاکەکەسى سەر هەڵدەدات




  

وڵات _ تایبەت
 ئەمڕۆ زیاتر لەهەموو کات، کورستان بۆشایى ئۆپۆزسیۆنێکى بەهێزی هەیە، لەبۆشایى ئەو دۆخەدا چەندین کەس لەناو ئاخنى حیزبەکان جیاواز لە حیزبەکەیان ئاڵاى ئۆپۆزسیۆن بوون بەرنادەن، بەردەوامن.

ڕۆژى ٢٩ى مانگى ڕابردوو سێ پەرلەمانتارى کورد لە پەرلەمانى عێراق (هوشیار عەبدوڵا، ئەحمەد حاجى ڕەشید، سەرکەوت شەمسەدین) لە فراکسیۆنەکانى (کۆمەڵ و گۆڕان و نەوەى نوێ) کۆبونەوە و بڕیاریاندا پێکەوە وەکو یەک گروپ بەداوداچوون بکەن بۆ پرسى نەوت و موچە.\


یەکەم دانیشتنى سێ پەرلەمانتارەکەى عێراق 


کارەکانى ئەم سێ پەرلەمانتارە لەئاستى عێراق جگە لەوەى پێچەوانەى ئەو بێدەنگی و کۆدەنگیەیە کە فراکسیۆنى هەموو حیزبەکان لەبەغداد هەیانە، هاوکات زۆرجار سەر ئێشەیە بۆ حیزبەکانى خۆیان، بۆیە لەسەرەتاى ئەم مانگەوە بەشێک لە پەرلەمانتاران لەژێر گورزى میدیایى دەسەڵاتدان، لەلایەن حیزبەکانى خۆشیانەوە بەرگریان لێناکرێت.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، لەکۆبونەوەى دوێنێى گۆڕان و پارتى لەبارەى پێکهێنانى حکومەتەوە، پارتى بەڕوونى نیگەرانییەکانى خۆیان لەبارەى (هوشیار عەبدوڵا و غالب محمەد)وە گەیاندووەتەوە خانەى ڕاپەڕاندن و شاندى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبەرامبەردا بێ دوودڵى بەرپرسەکانى گۆڕان ئەوەیان بەپارتى وتووە: "ئەو قسانەى غالب و هوشیار تەعبیر لە ڕاى فەرمى گۆڕان ناکات و هەوڵى تاکە کەسى خۆیانە".

پارتى لەبارەى غالب و هوشیارەوە داواى ڕونکردنەوەى لە گۆڕان کردووە، گۆرانیش خۆى بێبەرى کردووە

ئەو فشارە زۆرانەى لەسەر هوشیار عەبدوڵا و غالب محمەد هەیە نەیتوانیوە ڕاى ئەوان بگۆڕێت بەرامبەر هەوڵەکانیان لەبەغداد، ئاڵاى "ئۆپۆزسیۆن بەردەن".

غالب محمەد پەرلەمانتارى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەو وتی: "با پارتى و دەستبخاتە ژێر سەرى، هەرچیمان پێبکرێت لەبەدواداچون بۆ مووچە و نەوت دەیکەین، خەیاڵیان خاوە وابزانن دەمانوەستێنن، ئێمە ناوەستین و لە مەسرورەوە کە ئێستا سەرۆکى تازەیە تا بچوکترین پرس قسەى خۆمان دەکەین".

ئەم دۆخە تەنها گۆڕانى نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئێستا لەکۆى حیزبەکانى دیکەش ئەم دۆخە بەردەوامى هەیە بەتایبەت ئەوانەى سەردەمانێک ئۆپۆزسیۆنێکى سەخت بوون.

سەرکەوت شەمسەدین


سەرکەوت شەمسەدین سەرۆکى فرکسیۆنى نەوەى نوێ بوو لەپەرلەمانى عێراق ئێستا یەکێکە لە ئەندامى گروپە سێ کەسیەکەى پەرلەمانى عێراق، ئەو مانگى ڕابردوو بەبیانوى ئەوەى حیزبەکەى تیکەڵاو بەچەندین ڕێکەوتنى گوماناوى بووە ڕاگەیەنراوێکى دەرکرد و پەیوەندى خۆى لەگەڵ نەوەى نوێ بچڕاند،  پێچەوانەى بێدەنگى حیزبەکەى بەتایبەت دواى دەستگیرکردنى ئەندامەکانى لەچالاکى بەردەوامدایە.

سەرکەوت شەمسەدین دەڵێت: "حیزب بووەتە بەڵا لەکوردستان پەرلەمانتار دیلکراوە".


هاوکات ئێستا لەهەناوى حیزبە تازەکانیش هەمان دۆخ خەریکە دەخەمڵێت، ئەوانیش خەریکە بێدەنگى دەشکێنن.

عوسمان عەبدوڵا پێشتر ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسى و دادپەروەرى بوو بەسەرۆکایەتى بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق، پاش هەڵوەشانەوەى حیزبەکەى ئێستا ئەو ئەندامى ئەنجومەنى سیاسى هاوپەیمانى نیشتمانیە، پێچەوانەى ڕاى حیزبە تازەکەى کە بێدەنگى تەواوى لەدۆخى سیاسى کردووە و نزیکە لە دەسەڵاتەوە قسە دەکات، بە وڵاتى وت: "هیچ زەمەنێك وێستگەی وەستانی سیاسی تیانیە، ئەوەی هەیە شكستی قۆناغێكە و دەستپێكردنی قۆناغێكیترئەمڕۆ دەبێ لەوە تێگەشتبین كە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن شكستی خوارد و پشكی ئەو شكستەبەر هەموومان دەكەوێ ئەوەی نەوەستان و گرنگ تەسلیم نەبونە بەم واقیعە تاڵە".

"حیزب بووەتە بەڵا لەکوردستان پەرلەمانتار دیلکراوە". 

دواى شکستى گۆڕان لە سەرکەوتنى بۆ کورسى دەسەڵات، ڕەنگە ئاڕاستەى ئۆپۆزسیۆن لەکارى حیزبیەوە بۆ تاکەکەسى 
لەدایکبوونى قۆناغێکى نوێ بێت لە "مۆدیڵى ئۆزسیۆن، بوون لەحیزبەوە بۆ کەس، بەڵام لەکۆتایدا "واقع" وەڵام دەداتەوە ئایا ئەم قۆناغە سەرکەوتوو دەبێت یان شکستخواردووە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085