ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یەكێتی بەشداری لە حكومەت نەكات، ئەوا حكومەتی هەرێم سەرتاسەری نابێت.
"ئەگەر یەكێتی بەشداری لە حكومەت نەكات، ئەوا حكومەتی هەرێم سەرتاسەری نابێت"
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ڕێككەوتنمان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت كۆتایی هاتووە و یەكێتی سورە لەسەر هەڵوێستی خۆی سەبارەت بەوەی بەشداریكردنی لە حكومەت پەیوەستە بەچارەسەركردنی پرسی كەركوك و پەسەندكردنی ناوی یەكێك لەو كاندیدانەی ئێمە پێشكەشمان كردووە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.
وتیشی”بەبێ ڕەزامەندی پارتی لەسەر كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك و بەشداریكردنی یەكێتی لە حكومەتدا، پێموابێت جگە لە جێبەجێكردنی بەرنامەی تایبەتی لایەنێك هیچ شتێكی تر نییە، بۆیە یەكێتی سورە و سوریش دەبێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی بەبێ پەسەندكردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك بەشداری لەحكومەتدا ناكات، ئەمە هەڵوێستی ئەنجومەنی سەركردایەتیە”.
"بەهیچ جۆرێك ڕێككەوتن لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر نەكراوە لەنێوان كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك"
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەهیچ جۆرێك ڕێككەوتن لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر نەكراوە لەنێوان كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ڕاستە باسی لێكراوە، بەڵام ڕێككەوتنی لەسەر نەكراوە، هەروەك “كاك كۆسرەت” لە ڕونكردنەوەكەی خۆی باسی لێوەكردووە و ئێستاش كاك كۆسرەت دەسەڵاتی هەیە لەسەر هەریەكێك لەو كاندیدانەی پێشتر دیاریكراون بیبڕێنێتەوە و یەكلایی بكاتەوە لەگەڵ كاك مەسعود.
سەبارەت بە بەشداریكردنیان لە كابینەی داهاتوو، ئارێز عەبدوڵڵا ڕایگەیاند، لەڕووی لۆژیكی سیاسی پێویستە یەكێتی هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بێت بەشێوازێكی مەدەنی كاری خۆی بكات، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكە ڕەنگە لێكەوتەی خراپی لێبكەوێتەوە و دەبێتە هۆی دووركەوتنەوەی زیاتری لایەنە سیاسییەكان لەیەكتر بەتایبەت پارتی و یەكێتی و سەرهەڵدانەوەی مەترسی دوو ئیدارەیی، بەش بەحاڵی خۆم نە پێم باشە نە حەزدەكەم كەس بیریشی لێ بكاتەوە.
ئاشكراشیكرد، ئەگەر یەكێتی بەشداری لە حكومەتدا نەكات ئەوا حكومەتی هەرێم سەرتاسەری نابێت و بڕواناكەم دەسەڵاتی بەسەر سلێمانیدا هەبێت، بۆیە بڕواناكەم نە پارتی و نە ئەوكەسەی حكومەت پێكدەهێنێت نایەوێت حكومەتی دوو پارێزگە بێت لەپێناو دەستنیشانكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگار و بڕواش ناكەم تاسەر پارتی پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستەی بكات لەبەرامبەر یەكێتی.
