
حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بەپێی یاسا و دەستوور موچەی خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بخرێتە سەر وەزارەتی شەهیدانی حكوومەتی عێراق، لە ئێستادا شاندێكى وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال كراوان لە بەغدایە.
مەحمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرایکردووە "كۆبونەوەی لیژنەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بەردەوامە،تایبەت بە هاوتاكردنی موچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هاوشێوەی حكومەتی عێراق،هەنگاوی باش نراوە".
بەپێ دەستووری هەمیشەی عێراق دەبێت حكومەتی ناوەندی عێراق موچە و ئیمتیازاتی بۆ تەواوی خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی،دابین بكات.
مەحمود حاجی ساڵح دەڵێت "كاری زۆر لە سەر ئەوەكراوە موچەی خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بەزووترین كات بخرێتە سەر حكومەتی عێراق،بەڵێنی زۆریشمان پێدراوە لیژنەكەی ئێمە دوو ڕۆژە لەبەغدایە بۆ چاودێری كردنی ئەو بڕیار و قەراراتانە و گفتوگۆیانەی كردوومانن،تاوەكو بزانین هەنگاوەكان بەكوێ گەیشتوون”.
لەبارەی ئەوەی ئایا كەی كۆتایی بە گفتوگۆكان دێت و بەفەرمی لە بەغداوە موچەی بۆ خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی سەرف دەكرێت،وەزیری شەهیدان وتی "لە ئێستادا پرسی موچەی زیندانیانی سیاسی زۆر چووەتە پێشەوە و هەنگاوی باشی بڕیوە،گفتوگۆكانمان زۆر لەیەكەوە نزیكە لەوبارەوە، پرسی موچەی شەهیدانیش،داوامان كردووە ئەو بەشە پارەی شەهیدان لە هەرێم وەردەگیردرێت بەپێی مادەی ۱٤۲ـی دەستوور بخرێتە سەر سیادە وە ئێستا لیژنه هاوبەشەكان كارلەسەر ڕێكخستنی هەردوو یاسایی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەكەن”.