بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن بنکەی بەرگری شارستانی چۆمان و حاجی ئۆمەران، دوو شاخەوان لەبناری چیای هەڵگورد رزگار کران و گەیاندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چۆمان.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاندووە "درەنگانی شەو ئاگادارکراینەوە لە گیرخواردنی دوو شاخەوان، لەبناری چیای هەڵگورد، خۆشبەختانە تیمی بنکەی بەرگری شارستانی حاجی ئومەران و چۆمان، توانیان لە ئۆپراسیونێکی رزگارکردندا سەرکەوتوو بن و هەر دوو شاخەوانەکە رزگار بکەن، کە یەکێکیان خەڵکی شاری هەولێر بوو، ئەوەی دیکەش خەڵکی شاری مووسڵ بوو، تەمەنیان دەووری 35 ساڵی بوو کە رێگایان ون کردبوو و دابڕابوون لە گروپی شاخەوانی و تووشی سەرما و سۆڵە ببوونەوە و گەیاندرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی چۆمان و ڕەوشی تەندروستیان باشە".
بەرگریی شارستانی سۆران رونیشی کردۆتەوە "ئەم دوو کەسە بەمەبەستی گەشتی شاخەوانی لەگەڵ گرووپێکی شاخەوانی 7 کەسی روویان لە چیای هەڵگورد کردبوو، لە ئەنجامدا تووشی دابڕان بونە و دوای ئاگادارکرنەوەی تیمەکانمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ 19/5/2019 رزگار کران".


