ئەمشەو لە خولى فەڕەنسا، پاریس سان جێرمان و مۆناکۆ یارى لوتکە دەکەن و ئەگەریش هەیە نازناوى خولەکە یکلایى ببێتەوە.
لە هەفتەى ٣٣ى خولى پلە یەکى تۆپى پێى فەڕەنسا، ئەمشەو کاتژمێر ١٠ یانەى پاریس سان جێرمان لە یاریگاى باخچەى شازادەکان و لە یارى لوتکەى هەفتەکەدا، میواندارى یانەى مۆناکۆ دەکات.
پاریس سان جێرمان، کە لە دوو هەفتەى ڕابردوودا توشى شکست هات، پێویستى بە تەنیا خاڵێکە بۆ ئەوەى بەفەرمى نازناوى خولەکە مسۆگەر بکات.
لە ئێستادا یانە پاریسیەکە بە ٨١ خاڵ لە پێشەنگى ڕیزبەندى خولەکەدایە و بە جیاوازى ١٧ خاڵ لە پێش یانەى لیلى پلەى دووەمەوەیە، کە ئەمیش ئەمڕۆ یارى ئەم هەفتەیەى بەرامبەر تۆلۆز دەکات.
سان جێرمانى هەڵگرى نازناوى خولەکە، حەوت جار بووە بە پاڵەوانى خولى فەڕەنسا و بە جیاوازى سێ نازناو لە دواى سانت ئیتیانى یەکەمەوەیە، کە ئەم ١٠ جار نازناوەکەى بەدەستهێناوە.

