
دەستگیرکردنی دامەزرێنەرانی (وەن
کۆین) لە ئەمەریکا زیانی ملیۆنان دۆلار لە کوردستان دەدات. شارەزایانی ئابووری و
دراویش پێیان وایە، ئەو پارە ئەلکترۆنییە هەر لە سەرەتاوە هیچ بەهایەکی نەبووە و
پڕۆسەیەکی ساختە بووە بۆ فێڵ و دەستبڕین. بەڵام پەیجی فەرمیی (وەن کۆین) لە هەرێمی
کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئەو قسانە بە چەواشەکاری دەزانێ.
لە ماوەی رابردوودا، وەزارەتی دادی ئەمەریكا، دەستگیرکردنی دامەرزێنەرانی دراوی ئەلیکترۆنیی (وەن كۆین)ی راگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، بەناوی ئەو دراوە ئەلکترۆنییەوە فێڵ
لە خەڵک کراوە و لەو رێگەیەوە خەڵکانێک خۆیان دەوڵەمەند کردووە.
ئێستاش بەهۆی دەستگیرکردنی ئەو
دامەزرێنەرە و کەسانی نزیکیەوە، بەهای دراوە ئەلکترۆنییەکە نادیارە و هاوبەشانی
چاوەڕوانی بڕیاری دادگای ئەمەریکا دەکەن، بەڵام شارەزایانی ئابووری و دراو پێیان
وایە، ئەو دراوە لە بنەمادا هیچ بەهایەکی نەبووە، بەڵکوو بەهایەکی ساختەی بۆ دیاری
کراوە و لەو رێگەیەوە خەڵکانێکی زۆر خراونەتە تۆڕێکەوە، کە ئێستا هیچ کەسێک خۆی
ناکات بە خاوەنی کۆدەکانی.
هاوکات بەپێی ماڵپەڕی (کریپتۆنز)،
بەهۆی دەستگیرکردنی دامەزرێنەری وەن کۆینەوە، زیانی ماددی بە بڕی 3.8 ملیار دۆلار
بە سێ ملیۆن وەبەرهێنەر لە سەرانسەری جیهان کەوتووە، چونکە تەنیا لە ماوەی ساڵانی
رابردوودا، کۆمپانیای (وەن کۆین) بایی 3.3 ملیار دۆلار پاکێجی فرۆشتووە و 2.3
ملیار دۆلاریش قازانجی کردووە.
هەرێمی کوردستانیش لەو زیانە
مادییە بێ بەش نەبووە و خەڵکانێکی زۆری پارەدار و دەوڵەمەند لە ماوەی رابردوودا،
بەهۆی پڕوپاگەندەی هەندێ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتوونەتە داوی دراوی
ئەلکترۆنیی (وەن کۆین)ەوە، تەنانەت لەدوایین کۆنفرانسی ئەو دراوە لە مالیزیا، زیاتر
لە 110 کەسی پارەدار و وەبەرهێن لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان تیادا کردووە.