سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاری بەپێداچوونەوە بەپلانی وەرگرتنی گەنم و زیادكردنی بڕی وەرگرتنەكە دەدات، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: ئەو پێداچووەنەوەیە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوەو چاوەڕوانی پلانە نوێیەكەین.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم،راگەیاند: بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، پشكی هەرێمی كوردستان لەوەرگرتنی گەنم بۆ ئەمساڵ، 340 هەزار تۆن دەبێت، كە بەشی پارێزگاكان بەم شێوەیە دەبێت: هەولێر 100 هەزار تۆن، سلێمانی 80 هەزار تۆن، دهۆك 112 هەزار تۆن، هەڵەبجە 20 هەزار تۆن و لەگەرمیانیش 28 هەزار تۆن وەردەگیرێت.
وتیشی: "بەپێی پلانەكە، نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ هەرسێ پلەكە هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووەو بەهەمان نرخی ساڵی رابردوو وەردەگیرێت".
راشیگەیاند: پلانەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ لەكاتێكدایە، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەنوسراوی ژمارە (1729) لە 29ی 3ی 2019، بڕیاریداوە پێداچوونەوە بەپلانی وەرگرتنی گەنم بۆ ساڵی 2019 بكرێت و بڕی وەرگرتن زیادبكرێت، كە ئەوەش هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەڵێت: "چاوەڕوانی هاتنی پلانە نوێیەكەی عیراق دەكەین، كە بەدڵنیاییەوە لەپلانەكەدا ئەو سایلۆیانەش ئاماژەی پێدەدرێت، كە گەنمی تێدا وەردەگیرێت".
