نوێترین

recent

23/04/2019

٣٧ هاوڵاتی بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سێدارە داران


دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەمڕۆ سێشەممە (٢٣ی نسانی ٢٠١٩) ٣٧  هاوڵاتی خۆی بە تۆمەتی "تیرۆر" لە سێدارە داوە.
جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانەکان لە شارەکانی ڕیازی پایتەخت و مەدینە و قەسیم و عەسیر و ناوچەی شەرقییە، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزهەبن.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی ناوخۆیی سعودیە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لەو تاوانبارکراوانە  تۆمەتی هێرشکردنە سەر بارەگا ئەمنییەکان و کوشتنی ئەندامانی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانیان دراوەتە پاڵ، یاخود هاوکاریی هێزی نەیار و دوژمنیان کردووە لە دژی سعودیە.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردەوە، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو کەسانەدا بە مەبەستی دانانی سنورە بۆ ئەو بیروبۆچونەی کە تاوانباران هەیانبوو سەبارەت بە "بیری توندرەوی و دروستکردنی شانەی تیرۆریستی بۆ نانەوەی ئاژاوە و زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات و نانەوەی فیتنەی تایەفی" لە سعودیەدا.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەوانەی سزای لە سێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە، دواتر لە خاچ دراوە، ئەو سزایەش بەسەر ئەو کەسانەدا جێبەجێ دەکرێت کە تاوانێکی "زۆر قورس"ی ئەنجام دابێت.
سزای لە سێدارەدان لە سعودیە بەزۆری لە ڕێگەی لێدان لە گەردنەوە دەبێت بە شمشێر.
بە گوێرەی ئەو داتایەی کە ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاویکردووەتەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٠٠ کەس سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
ساڵی ڕابردوو سعودیە ١٤٩ کەسی لە سێدارەدا داوە و بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی،  تەنها ئێران لە پێش سعودیەوەیە لە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان.
ئەو تاوانانەی لە سعودیە سزای لە سێدارەدان دەیانگرێتەوە بریتین لە تیرۆر و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و هەڵکوتانە سەر بە چەک و بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکانەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085