
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لەم مانگەوە بەبێ بەرامبەر ڤیزا بداتە هاووڵاتیانی ئێرانی بەو مەرجەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەبێ بەرامبەر ڤیزا بداتە هاووڵاتیانی عێراق.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی "ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندبوو لەم مانگەوە رسوومی هاتنەژوورەوە بۆ هاووڵاتیانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەهێڵێ بەلەبەرچاوگرتنی پرەنسیپی مامەڵەی هاوشێوە بەپشتبەستن بە ماددەی 36ی یاسای نیشتەجێبوونی بیانییەکان، ژمارە 76ی ساڵی 2017".
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "رەزامەندی دراوە ئەو رسوومەی لە گرووپە گەشتیارەکان کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێن وەردەگیرێ بۆ دەستەی گەشتیاری بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 279ی ساڵی 2018".
باڵوێزخانەی ئێران لە بەغدا لە 1ی نیسانی ساڵی 2019 رایگەیاند، بڕیاری دا ڤیزا بەبێ بەرامبەر بداتە ئەو هاووڵاتیانەی عێراق کە دەخوازن سەردانی ئێران بکەن.
عێراق پێشتر هەر ڤیزایەکی بە 40 دۆلار دەدایە ئەو هاووڵاتیانەی ئێران کە سەردانی عێراقیان دەکرد و لەگەڵ هاتنە ژوورەوەی گەشتیارەکەش بۆ نێو خاکی عێراق دەستەی گەشتیاری 10 دۆلار لێوەردەگرت.