نوێترین

recent

21/04/2019

به‌ڤيديۆ:دايكى تاریقی بەقاڵ وباوكى مەریوان سه‌رپه‌رشتى كه‌مپينى لەسێدارەدانى بکوژانى کوڕەکانیان دەکەن


کەسوکاری ئەو دوو هاوڵاتییەى، کە دواى چەند مانگێک لە بێسەروشوێنبوونیان سەرەتاى ئەم مانگە تەرمەکەیان دۆزرایەوە، کەمپەینێکیان ڕاگەیاند لەپێناو بەسزاگەیاندنی ئەوانەی دەستیان بە خوێنى کوڕەکانیان سورە.
هێشتا بە تەواوەتى کفنەکەى تاریقى بەقاڵ و مەریوان دارا زەرد نەبووە، کەسوکارەکانیان گومانیان هەیە لەوەی بڕیارێکى دادپەروەرانە بۆ سزادانى تۆمەتباران دەربکرێت.
ئەوان داواى سزایەک دەکەن بۆ تۆمەتبارەکان کە لە هەرێمى کوردستان زۆر بە کەمى جێبەجێ دەکرێت، ئەویش لەسێدارەدانى تۆمەتبارانە.
ئەم داواکارییە لەکاتێکدایە، چەند ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان سنوردار کراوە و لە چەند حاڵەتێکى تایبەتدا جێبەجێکراوە، بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەرۆكی كۆمیتەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمى کوردستان، ساڵی ٢٠١٧، ٣٧ بڕیار و حوکمی سێدارە دەرکراوە و جێبەجێکردنیشی زۆر بەرتەسک بووەتەوە.
کەمپینى کەسوکارى ئەو دوو هاوڵاتییە، دواى ئەوە دێت سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتباری وا هەبووە هاوڵاتییەکى برینداركردووە بە شەوێک دادگا ئازادیكردووە، دەشڵێت، بەڵگەیان لایە تۆمەتبار هەیە ١٠ جار دەستگیرکراوە و ئازادکراوەتەوە.
لە بەرامبەر قسەکانی سەرکەوت ئەحمەد دا، عومەر ئەحمەد وتەبێژی دادگای سلێمانی دەڵێت، مادەی ١٠٩ لە یاساى شێوازى دادگاییکردن، دەسەڵاتی داوە بە دادوەرەکان لەگەڵ قورسی و سووکی تاوانەکە، بە کەفالەت کەسەکە بەربدات یان دەستبەسەرى بکات؛ وتیشى، مافى بەرپرسى پۆلیس نییە قسە لەسەر ئەو دۆسیانە بکات.
لەم سەروبەندەدا کە پۆلیس و دادگا لەسەر مەسەلەى بەسزاگەیاندنى تۆمەتباران یان دەربازبوونى تۆمەتباران لە سزا، بۆچوونى جیاوازیان هەیە، ئەوەى بەلاى بەشێک لە کەسوکارى ئەوانەی کوژراون وەکو کەسوکارى تاریقى بەقاڵ و دارا مەریوانەوە جێى بایەخە، بەرقەراربوونى دادپەروەرییە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085