
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان: كۆنترۆڵى ئاوى بهنداوهكهمان لهدهست دهرچووه
لێدوانەكەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لەكاتێكدایە كە لە ئێستادا بەنداوی دوكان پڕ بووە و ئاوی بەنداوەكە هاتووەتە سەر شەقامەكانی قەشقۆڵی و زۆرێك لە كەپرەكانی سەیرانگاكەشی داپۆشیوە.
حەمە تاهیر جەلال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ڕاگەیاند:”تا چەند ڕۆژی ڕابردوو توانیبوومان ئاستی ئاوەكە كۆنتڕۆڵ بكەین، بەڵام ئێستا دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و لە ئێستادا بڕێكی زۆر لە ئاوەكەمان بەرداوەتەوە و بۆیە ئاوەكە هێندە زۆر بووە دەچێتە سەر شەقامەكان و كەپرە گەشتیارییەكانی داپۆشیوە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان، ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بێت ناچارن بڕێكی زۆرتر لە ئاوەكە بەربدەنەوە و ئەوكات ئاوەكە زیاتر دەچێتە سەر شەقامەكان و مەترسی زیاتر دەبێت.
بەبڕوای حەمە تاهیر جەلال ئەمە شەپۆلێكی مەترسیدارە ڕووی لە ناوچەكە كردووە و نموونەی بەوڵاتی ئێران هێنایەوە كە ئاو هەندێك لە شارەكانی داپۆشیوە.
وتیشی “ئێمەش لە ئێستادا ئەگەر ئاوەكە بەرنەدەینەوە ئەوا مەترسییەكی زۆر لەسەر بەنداوەكە دروست دەبێت و مەترسی ڕووخانی بەنداوەكە دەبێت، كە ئەگەر (حەوت ملیار مەتر سێجا) ئاو لە پڕێكدا هەرەس بهێنێت ناڵێم نیوەی كوردستان، بەڵام بەغداش ڕادەماڵێت”.
بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان هۆشداریشی بە هاوڵاتیاندا، كە لە ئاوی بەنداوەكە دووربكەونەوە و تا نزیكەی دوو مانگی دیكەش كە ئاوەكە كەمدەبێتەوە بۆ گەشتكردن ڕوو لە سەیرانگاكە نەكەن.
بەهۆی باران بارینی بەردەوام لە هەفتەی ڕابردوودا، بەنداوی دوكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕبوو لە ئاو و سەرڕێژی كرد، ئێستاش بەهۆی بەردەوام زیادبوونی ئاوەكەوە مەترسی لەسەر ناوچەكە دروستكردووە.