
عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی گشتی گۆڕان و هەڵسوڕاوی ئێستای بزوتنەوەكە دەڵێت "بڕوام نییە پارتی چاكسازی بكات و لەو سەرەوە روو زەرد دەردەچین".
لەبارەی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "بڕواناكەم گۆڕان دوربخرێتەوە، بەڵام پارتی زیاتر خواستی یەكێتی بەدیدەهێنێت، ناڕەزایەتییەكانی من لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو پێش رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی، هەروەها برادەرانی ئێمە توانای ململانێیان لەگەڵ یەكێتی نەبوو، بۆیە لەگەڵ پارتی رێككەوتن".
وتیشی "رێككەوتنی گۆڕان و پارتی ئەگەرێكە، بڕوام نییە پارتی چاكسازی بكات و لەو سەرەوە روو زەرد دەردەچین، ئەگەر كردیشی دەستی برادەرانی ئێمە خۆشبێت، هەر لە سەرەتاشەوە گومانێك لە یەكێتی و پارتی هەبوو ئەوەی دەیكەن سیاسەتە بۆ ناشرینكردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئەگەریش ناكۆكییەك لەنێوانیاندا هەبێت ئەوا لە كۆتاییدا هەر یەكدەگرن، چونكە بەرژەوەندی و كۆمەڵێك شت و كۆمپانیا لەنێوانیاندا هەیە".
