نوێترین

recent

04/04/2019

بەڤیدیۆ..زەنگی ئاگادارکردنەوەی له‌به‌نداوى دووكان لێدا


بەهۆی پڕبون و سەرڕێژبونی ئاوی بەنداوی دوكانه‌وه‌، به‌نداوه‌كه‌ دوایین هۆشداریی دا و زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا كه‌ مه‌به‌ست لەو زەنگەش چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری زێیەکە و رێگریكردنه‌ له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی زیانی گیانی.
له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا زه‌نگه‌كه‌ ده‌بیسترێت و مه‌به‌ست لێی سەرڕیژ بونی بەنداوەکەوەیه‌، ئه‌مه‌ش دوایین هۆشداریدانه‌ لە پلەی (جیم) كه‌ دراوه‌ته‌ ناوچە گەشتیارییەکان و پڕۆژەکانی دەوروبەری سەر زێی بچوک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە و نەکەوتنەوەی زیانی گیانی لە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە.
هۆشدارییەکە بۆ خاوه‌ن پڕۆژە گەشتیارییەکانە بۆ ئەوەی ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و زیانی گیانی لێنەکەوێتەوە، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانیش، ئاوی بەنداوەکە زۆر زیادیکردوە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری ئاوەکە لە دەرچەی (سپێڵ وەی) دەڕوات، ناچارن بەشێکی زیاتر ئاو بەربدەنەوە.
لەئێستاشدا 400 مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەکە بەردەدرێتەوە، به‌ڵام به‌رپرسانی به‌نداوه‌كه‌ 600 مەتر سێجای دیکە به‌رده‌ده‌نه‌وه‌ و بەوەش لەهەر چرکەیەکدا هه‌زارمەتر سێجا ئاو بەردەدرێتەوە، ئه‌مه‌ش ترسی هەیە زۆربەی پڕۆژە کشتوکاڵی و گەشتیارییەکان لەگەڵ خۆی رابماڵێی.
لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێشبینیی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ به‌هۆی به‌ردانه‌وه‌ ئاوی به‌نداوه‌كه‌وه‌، زیانی مادیی زۆر لە پڕۆژەکان بكه‌وێت و زه‌نگه‌كه‌ی ئێستاش بۆ ئەوەیە زیانی گیانی نه‌كه‌وێته‌وه‌.
بەهۆی زۆری رێژەی باران بارینەوە، سەرلە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 2ی نیسانی 2019، بەنداوی دوکان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبووه‌وه‌ و دواتر ئاوی به‌نداوه‌كه‌ سەرڕێژی کرد .
بەنداوی دوكان لە ساڵی 1959ـەوە وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە و تەواوی بەنداوەكە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لەكاتی دروستكردنی بەنداوەكەوەشدا تاوەكو ئێستا یەكجار لە ساڵی 1988 سەرڕێژبێت.



Picsart-24-02-23-21-31-09-085