
بزووتنەوەی گۆڕان، تا ئاستی بەشدارینەكردن لەحكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان هۆشداریداوە بەپارتی دیموكرات، ئەگەر بێتو جێگر، یان یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیادبكرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوە هەواڵیە جیاوازەکان بڵاوکراوەتەوە ، ئەو هۆشدارییەی گۆڕان لەمیانی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی شاندی نێوان هەردوو حیزب بووە، كە لەشاری سلێمانی ئەنجامدرا.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لەكۆبوونەوەكە شاندی پارتی باسیان لەوە كردووە، كە لەسەر داوای كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەیانەوێت، پۆستی جێگر، یان یاریدەدەر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكەن، بەڵام شاندی گۆڕان راستەوخۆ داواكارییەكەی رەتكردووەتەوە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، سەرەڕای رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی پارتی شاندی گۆڕان جەختیكردووەتەوە، ئەوان وا رێككەوتوون، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت، بۆیە نایانەوێت هیچ جێگرێك، یان یاریدەدەرێك زیاد بكرێت.
زانیارییهكان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن ، كە گۆڕان هۆشداریانداوە، كە ئەگەر ئەو خواستەی یەكێتی جێبەجێبكرێت، ئەوە ئەوان ئامادەن بەشداری لەكابینەی نۆ نەكەن، كە ئەوەشیان وەك وەڵامی كۆتایی داوەتەوە بەشاندەكەی پارتی.
هەروەها زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە شاندی پارتی تەنانەت بۆ رازیكردنی گۆڕان پێشنیازی چەند پۆستێكیان بۆ گۆڕان كردووە، بۆ ئەوەی بەو پێشنیازە رازی بن، بەڵام گۆڕان هەر رەتیكردووەتەوەو سووربووە لەسەر هەڵوێستەكەی .
پارتیو گۆڕان رۆژی 18ی مانگی شوبات لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن، كە بەپێی رێككەوتنەكە سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێتو ئەو پۆستەش بۆ كاندیدی گۆڕان دەبێت.
لەدوای ئەو رێككەوتنە یەكێتی بۆ بەشداریكردن لەحكومەت داوای زیادكردنی پۆستی جێگر، یان یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی كردو تائێستاش ئەو پرسە وەك كێشە لەنێوان لایەنەكان ماونەتەوە.
