لە بەردەوامی باران بارینەكانی چەندین ڕۆژی ڕابردوو، بەهۆی مەترسی لافاو فەرمانی چۆڵكردنی نۆ شاری پارێزگای خوزستان لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران دراوە.
بە گەیشتنی لێشاوێكی نوێی بارانبارانی بەلێزمە كە دوێنێ دەستی پێكرد، پارێزگاری خوزستان فەرمانی چۆڵكردنی نۆ شاری ئەو پارێزگایەی دەركردووەو داوای لە دانیشتوانی ئەو شارانە كردووە، هەرچی زووە ماڵەكانیان چۆڵبكەن.
ئەو شارانەی لە پارێزگای خوزستان فەرمانی چۆڵكردنیان دراوە ئەمانەن: چوار شار لە دەشتی ئازادگان (سوسەنگرد، بوستان، ئەبوحەمیزەو كوت)، شاری ڕەفیع لە ناوچەی هویزە، شاری حەمیدیە، هەروەها شارەكانی؛ گوریە، دارخوین و ئلهایی.
ئەمە لە كاتێكدایە، كە دامەزراوەی كەشناسی ئێران پێشبینیكردووە، لێشاوێكی نوێی بارانبارین دەستپێدەكات و جگە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ناوچەكانی باكور و ناوەندی ئێرانیش بگرێتەوەو تاكو ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
لە ئێستادا زۆرترین مەترسی لەسەر پارێزگای خوزستان لەباشوری ڕۆژئاوای ئێرانە، بەتایبەت ئەو شوێنانەی نزیكن لە ڕووبارەكانی دزو كارون، هەروەها مەترسی لافاو لەسەر بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێشتا ماوەو هەندێك لە گوندەكان لە گەمارۆی لافاون.
بارانبارین تا ئێستا زیانی گەیاندۆتە زیاتر لە (23) پارێزگا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ناوەندە فەرمییەكانی ئێران، باس لە گیان لەدەستدانی (71) كەس دەكەن، بەڵام ئامارە نافەرمییەكان باس لە گیان لەدەستدانی (200) كەس لە ئەنجامی ئەو لافاوانە دەكەن.
