نوێترین

recent

24/03/2019

هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماری گەشتیارانی لە ڕۆژانى نەورۆزدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە ماوەى ئەو چوار ڕۆژەدا زیاتر لە ١١٥ هەزار گەشتیار ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی کردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، زیاتر گەشتیارانى ناوەڕاست و باشور و دواتر رۆژهەڵات و گەشتیارانى بیانى هاتوون چونەتە سەیرانگاکان بەتایبەتى دوکان و قەراغ و هەورامان.

هاوکات پێشتر بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەش رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی یەکەمی نەورۆزدا نزیکەی ٥٠ هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە کردووە.

دیندار رەمەزان بەرێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ ئاماری ھاتنی گەشتیارانی بۆ قەزای ئاکرێ لە رۆژانی جەژنی نەورۆز ئاشکراکرد و رایگەیاند: لە رۆژی ھەڵکردنی ئاگری نەورۆزدا نزیکەی 35 ھەزار گەشتیار سەردانی ئاکرێیان کردووە و لە سێ رۆژی دواتریشدا زیاتر لە 44 ھەزار کەس ھاتوونەتە قەزاکەوە، ئەم رێژەیەش بە بەراورد بە سالانی رابردوو زیادی کردووە.

بەڵام بەهۆی ترسیان لە بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ، ئەمساڵ گەشتیاران سەردانی ناوچەی گەشتیارییەکانی شیلادزێ ناکەن.

لە سنووری شارەدێی شیلادزێ ژمارەیەک شوێن و ناوچەی گەشتیاریی هەن کە ساڵانە لە کاتی هاتنی وەرزی بەهار و هاوین بە هەزاران گەشتیار سەردانیان دەکەن، بەتایبەت لە ڕۆژنانەی جەژنی نەورۆز لە نموونەی ناوچە گەشتیارییەکانی (ئاڤا مارکی-بانیا رێنجبراخە- چەمێ مێشو- چەمێ جیا) کە دەکەونە دەڤەری رێکان لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی باڵام بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە ئەم ساڵ ئەو ناوچەیە گەشتیاری بەخۆیەوە نەبینیوە.

ساڵانە رۆژانی نەورۆز ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085