
نزیکەی ١٨ ساڵە هاوڵاتییەکی شاری هەڵەبجە تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەی (کوردستان – هەڵەبجە)یە و لە سەردەمی پێشمەرگایەتییەوە بڕوای وابووە رۆژێک قەزای هەڵەبجەش دەبێتە پارێزگا چونکە وەک خۆی دەڵێت قوربانییەکانیان هێندە زۆرە دەریایەک خۆنیان بۆ کورد بونیان رشتووە.
وشیار عەلی ئەو هاوڵاتییەی ١٨ ساڵە تابلۆی ئۆتۆمبیلەکەی (کوردستان- هەڵەبجە)یە پاش ئەوەی بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە دوو كات و شوێنی جیاواز هەردوو قاچی لەدەست دەدات بەردەوام دەبێت لە پیشەکەی کە هەڵگرتن و پوچەڵ کردنەوەی مینە.
هێشتا پرسی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە پارێزگای هەڵەبجە نەبوبوو بە بڕیار، باس لەوە كرا كە ژمارە (1)ی تابلۆی (عێراق-هەڵەبجە) لەزیادكردنێكدا دەفڕۆشرێت، ئەمەش وشیاری نیگەران كردووە و لەلایەن چەند رێكخراوێكەوە و هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەڵمەتی پشتگیریكردن لە وشیار بیاوێڵەیی بەڕێوەچوو و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد ژمارە (1)ی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەڵەبجە بدرێت بە وشیار بیاوێڵەیی.
وشیار لەو بڕوایەدایە ئەگەر ژمارەكەش بفڕۆشرێت، پێویستە بدرێتە دەستێكی ئەمین و كەسێكی باش و بەپارەكەی هەڵەبجەی پێ ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام گومانی هەیە پارەكە بۆ هەڵەبجە خەرج بكرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پارەكە “دەچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێكەوە”.
ساڵی 2015 بە بڕیاری حكومەتی هەرێم و بەغدا هەڵەبجە كرا بە پارێزگا و بووە چوارەمین پارێزگای هەرێم و 13/3/2019 حكومەتی هەرێم و بەغدا بڕیاری پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی (عێراق ـ هەڵەبجە) دەركرد.