

بە بڕیاری مەسعود بارزانی و لە چوارچێوەی گۆڕینی بەرپرسە حکومییەکانی سنوری پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆکدا، بەرێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە کارەکەی دورخرایەوە و کوڕی بەرپرسێکی پێشووی پارتی ئەو پۆستە وەردەگرێت.
کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە بە بڕیاری مەسعود بارزانی چەند گۆڕانکارییەک لە بەرێوەبەرە گشتییەکانی سنوری ھەولێر و دھۆکدا کراوە و تەلار فایەق، بەرێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێریش گۆڕدراوە و لە بڕی ئەو فەوزی ھەریری، کوڕی فرانسۆ ھەریری دەبێتە بەرێوەبەری گشتی.
فەوزی فرانسۆ تۆما ھەریری، لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری ھەولێر لەدایکبووە و کریستیانێکی بە نەتەوە ئاشوورییە و کوڕی فرانسۆ ھەریرییە، کە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا لە ھەولێر کوژرا.
ناوبراو ھەڵگری بڕوانامەی باکالۆریسە لە ئەندازیاری کارەبا، لە ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کاری کردووە و لە کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بوو