

پەرلەمانتارێكی عیراق لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەیەنێت، مەبەستی بارزانی لەهەڵپەڕین، مەبەستێكی هەرە نێگەتیفە.
هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (لەگەڵ روداوەكان)ی رادیۆی نەوا لەسەر پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (كەویلایەتەكەی جێی ناكۆكییە) رایگەیاند: پەیامەكەی بارزانی هیچ شتێكی نوێی تێدانییە، پێشوش وتویەتی یەكێك بخەنە شوێنم، سەرۆكایەتی پەرلەمان و حكومەت بگۆڕێت، نازانم ئەم لایەنە سیاسییانە چۆن بەوشێوەیە بەهاریان لێهێناوەتە چۆك،
وتیشی: بەشێكی پەیوەندی بەپاكانەكردنەوە هەیە بۆ راگەیەنراوەكانی خۆی كە بەخەڵك دەڵێت هەڵپەڕن، مەسەلەی هەڵپەڕن مەبەستی ئەو هەڵپەڕینە نییە كە لە كلتوری سلێمانی و دیالێكتی سۆرانیدا بەهەڵپەڕكێ ناسراوە، ئەو هەڵپەڕینەی ئەو باسی دەكات هەڵپەڕینە بەواتای هەرە نێگەتیڤەكەی، چونكە ئەوان لەدیالێكتی بادینیدا بە هەڵەپەڕین دەڵێن داوەت، كە بەكەسێك دەڵێ هەڵپەڕن واتا هەڵپەڕە لەجێی خۆت وەكو ناونانێكی زۆر ناشرین وەك چۆن گیانلەبەرێك مەیمونێك هەڵدەپەڕێت، چۆن كەسێك هەڵدەپەڕێت بۆ داواكردنی شتێك و دەستی ناكەوێت، بەم نەفەسە بەكاریهێناوە.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی: بەشێكی تری پەیامەكە ئەوەیە شتێك لەئارادایە بەتایبەتی كە یەكگرتووی ئیسلامی و باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی نزیكن لەپارتییەوە ئەگەر لێشی بڕوانیت بەزویی پێشوازی گەرمی لێكرا، هەوڵێك هەیە بۆئەوەی كابینەیەكی نوێ پێكبهێنرێت، ئەمەش بەقورسایی باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی و یەكگرتوی ئیسلامی و پارتی پێكدەهێنرێت، ئەگەر باڵی زۆرینەی یەكێتی و گۆڕان لەگەڵیدا بون باشەو لەگەڵیشیدا نەبون شتێكی ترە، یاخود هەوڵبدەن باڵی زۆرینەی یەكێتیشی تیادابێت و بەجۆرێك لەجۆرەكان گۆڕان بكەنە دەرەوە.
لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی و گۆڕانیش هۆشیار عەبدوڵڵا وتی: لای من فاتیحەی بۆ خوێنراوە، پێموایە ئەم رێككەوتنە لەدیفاكتۆدا هیچ نرخێكی نەماوە، یەكێتی زیاد لەجارێك پێشێلی رێككەوتنەكەی كردووە، ماوەتەوە دوو ئاست لەناو یەكێتیدا، یەكەمیان باڵی ناوەندی بڕیارە بەتەواوەتی لەگەڵ پارتی هاوئاوازن بەشێوەیەك نزیكن هەستدەیت بون بەدوو روی یەك دراو، باڵی زۆرینەش تائێستا رای خۆی رانەگەیاندووە.