
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ئاشكرایدەكات، ئەو شاهێدی ئەوەیە هەندێك كەس كە لەشاخەوە هاتنە شار، نەك هەر پاتەی لاستیكیان لەپێدانەبووە، بەڵكو كراسێكیشیان لەبەردا نەبووە و ئێستاش بەمەزەی پۆست و پارە مەست و سەرخۆش بوون "لەگەڵ رێزمدا بۆ سەرخۆشەكان".
محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان،رایگەیاند"راستە هەمووی باسی یەك هەڵوێستی و یەكخستنی ماڵی كوردی دەكەن، بەڵام بەكردەوە نا، هەر یەكێكیان ئەوەندەی بەرژەوەندی حزبەكەی لەبەرچاو دەگرێت، ئەوەندە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان لەبەرچاو ناگرن، چونكە هەریەكەیان لەبۆچونی حزبەكەی خۆیەوە سەیر دەكات، ئەگەر حزبەكەی سەركەوتوو بوو ئەوا كورد سەركەوتووە، ئەگەر حزبەكەی سەركەوتوو نەبو و ئیمتیازی كەمی بەركەوتبوو، ئەوا كوردیش سەركەوتوو نەبووە".
محەمەدی حاجی مەحمود جەختی لەوە كردەوە"یەكڕیزی ئێستا تەنها لە ریزی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ هەیە لەدژی داعش و وتیشی "پێموایە یەكڕیزی ئێستا تەنها لەبەرەكانی شەڕ و لەدژی داعش هەیە، بۆیە دەبێت هێزە سیاسییەكان وەك هێزەكانی پێشمەرگە ژیرانە بیربكەنەوە".
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان شاهێدی هاتنە خوارەوەی هێزە سیاسیەكان دەدات لە شاخەوە بۆ شار، ئەو پێیوایە ئێستا سەرخۆشبوون و مەستی مەزەی پارە و پۆستن، دەشڵێت "كاتێك هێزە سیاسییەكان گەڕانەوە، هەندێكیان نەك هەر پاتەی لاستیكیشیان لە پێ نەبوو بەڵكو كراسێكیان لەبەردا نەبوو، من خۆم لەنزیكەوە ئاگادارم، بەڵام ئێستا كە مەزەی دەسەڵات و دارایی گەیشتۆتە لایان وەكو سەرخۆشیان لێهاتووە "رێزم هەیە بۆ سەرخۆشەكان". مەستی و مەغروری پێیانەوە دیارە".
هەروەها دەشڵێت "ئەوەندەی هەوڵەكانیان بۆ ئیمتیازی حزبەكە و كەسەكەیە، ئەوەندە بۆ دۆزی كوردی و میللەت نییە، ئەوان لە بری حزب بكەنە وەسیلە بۆ گەیشتن بەئامانجەكانی میللەت، بەپێچەوانەوە میللەتیان كردوە بە وەسیلە بۆ ئامانجەكانی خۆیان".