

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، قسەنەكردنی بە كوردی، كەموكورتییە، بەڵام لە بنەڕەتدا عەیبەیە بۆ توركیا، كە سیاسەتی تواندنەوەی كوردی پەیڕەوی كردووە. لە ماوەی چوار رۆژ مانەوەی لە هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و دیداری سیاسی و لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هەر بە زمانی توركی قسەی كردوە و بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی حوڕییەتی توركیا، ماوەی 20 سەعات عوسمان بایدەمیر پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوڕێی گەشتەكەی كاری وەرگێڕانی لە توركییەوە بۆ كوردی و بە پێچەوانەوە بۆ كردووە. لەوەڵامی ئەو رەخنانەی، كە سەرۆكی پارتێكی كوردییەو زمانی كوردی نازانێت، دەمیرتاش دەڵێت "من زازام، زاراوەی من زازاكییە كە زاراوەیەكی كوردییە، من كورمانجی و سۆرانیش دەزانم، بەڵام ناتوانم شرۆڤەی سیاسی پێبكەم، لەبەرئەوە بە توركی شرۆڤە دەكەم".
وتیشی "بەڵێ ئەمە عەیبە، بەڵام عەیبەی دەوڵەتی توركیاو سیاسەتی تواندنەوەی ئەو وڵاتەیە". دەمیرتاش دوپاتیكردۆتەوە، كە زۆر حەزدەكات بە زمانی دایك قسە بكات بەهەموو شێوەزارەكانی زازاكی و كورمانجی و سۆرانی و هەموو شێوەزارەكانی دیكە و دەشڵێت "ئەمە بۆ من كەموكورتییە، بەڵام شەرم نییە، بەڵكو شەرمێكە بۆ دەوڵەتی توركیا".