

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، مەرحەباییەکى بارزانى خەریکە ڕیسەکەى گۆڕان و یەکێتى دەکاتەوە بەخورى.
مەروان گەڵاڵى، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى لە پەرلەمانى کوردستان لەلاپەڕەى تایبەتى خۆى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک نامەیەکى ئاراستەى گۆڕان کردووە و وەک خۆى دەڵێت نامەیەکى دڵسۆزانەیە بۆدۆستانم لە بزوتنەوەى گۆڕان.
لەنامەکەى سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵدا هاتووە "ڕێککەوتنەکەتان لەگەڵ یەکێتى شتێکى باش بوو بۆ ڕێگرى لەپاوانخوازى و سەرەتاى ڕووبەڕووبونەوەى گەندەڵى و دەستاودەستکردنى دەسەڵات".
مەروان گەڵاڵى ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە "مەرحەباییەکى کاک مەسعود خەریکە ڕیسەکەتان دەکاتەوە بەخورى".
هەروەها وتوشیەتى "مەگەر قەرار نەبوو بۆ پرسە چارەنوسسازەکان مەشورەتان هەبێت، لەگەڵ یەکتترى".
مەروان گەڵاڵى لە کۆتایى نامەکەیدا ئەوەشى وتووە "بەهەرحاڵ خوازیارم شتى خراپترى بەدوادا نەیەت".
ئەوە لەکاتێکدایە ڕۆژى ٢٩ى ئەیلولى ٢٠١٦ شاندێکی هەرێم، بەسەرۆکایەتی بارزانی کە پێکهاتوون لە ( کۆسرەت ڕەسوڵ، سەلاحەدین بەهادین، فوئاد حسێن، مەلا بەختیار، ڕۆژ نورى شاوەیس، محەمەد حاجی مەحمود، ئازاد بەرواری، جەعفەر شێخ مستەفا) سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ عەبادیدا لەسەر کێشەی بودجە و مووچە و پرسی هەناردەکردنی نەوت کۆبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی هەواڵیشدا، هەریەکە لە عەبادی و بارزانی ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، کە لێتێگەیشتن لەنێوانیادا هەیە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن، هەروەها شاندەکەی هەرێم لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراقدا کۆبوونەوە.