

سبەینێ کۆبوونەوەی سەرکردایەتییە هاوبەشەکەی یەکێتی و گۆڕان بە ئامادەبوونی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی ئەنجام دەدرێت.
بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتییە هاوبەشەکەی سبەینێی نێوان یەکێتی و گۆڕاندا گفتوگۆ لەبارەی دوو تەوەری سەرەکییەوە دەکرێت کە یەکەمیان جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنامەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕانە، لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی هەرێم و هەڵوێستەکانی پارتییەوە دەکرێت و گفتوگۆش لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنی ١٢ ی حوزەیرانی ٢٠١٦ی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت.
ئەندامانی سەرکردایەتییە هاوبەشەکەی گۆڕان پێکهاتووە لە (نهوشیروان مستهفا، عومهری سهید عهلی، عوسمانی حاجی مهحمود ، محهمهد تۆفیق رهحیم، ساماڵ عهبدوڵا و ئیسماعیل نامیق).
ئەندامانی سەرکردایەتییە هاوبەشەکەی یەکێتی پێکهاتووە لە (بەرهەم ساڵح، هێرۆ ئیبراهیم، حاكم قادر، عیماد ئەحمەد، ڕەفعەت عەبدوڵا و شاڵاو كۆسرەت).
بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان سەرکردایەتییەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا پێکدەهێندرێت بۆ جێبەجێکردن و بەدواداچوونی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان.
ڕۆژی ١٧ ی ئایاری ٢٠١٦ یەکێتی و گۆڕان بە ئامادەبوونی تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ڕێککەوتنامەیەکیان ئیمزاکرد و ڕایانگەیاند، ڕێککەوتنامەکە لە ٢٥ مادە و بڕگەی جیا پێکدێت و باس لە هاوپەیمانی فراکسیۆنەکان و شێوازی حوکم لە هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات.