

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەرهەم ساڵح جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، سەبارەت بە دەنگۆی چوونی بۆ ناو گۆڕان و شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند ئامادە نییە لەو بارەیەوە بدوێت.
ڕۆژی پێنجشەممە پاش کۆتایی هاتنی دیداری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیار لە بەرهەم ساڵح کرا سەبارەت بە شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح لە وەڵامدا ڕایگەیاند " بەهیچ شێوەیەک قسە لەسەر ئەم بابەتە ناکەم و پرسیاری سیاسیش مەکە".
ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنگۆی پەیوەندیکردنی بەرهەم ساڵح بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەکرێت کە نەوشیروان مستەفا ناگەڕێتەوە و بەرهەم ساڵح جێگەی نەوشیروان مستەفا دەگرێتەوە.