
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 16ى ئادار مووچەى وەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان و زانکۆى راپەڕین دابەشبکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى کە نەیویست ناوى ئاشکرابکرێت بە دواڕۆژى راگەیاندوە، ئەمڕۆ مووچەى مانگى شوباتى وەزارەتى دارایى و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتى و فەرمانگەکانى بەستراو بەو وەزارەتەوە دابەشدەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشى وت، وەزارەتى دارایى لیستى مووچەیان ئامادەیە و بەهۆیەوە لە وەرگرتنى موچەى شوباتدا کەوتونەتە پێشەوە.
لاى خۆیەوە بەڕێوەبەرى گشتى یەکێک لە بانکەکانى هەولێر، کە نەیویست ناوى ئاشکرابکرێت، هەواڵەکەى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستکردەوە.
لەلایەکى ترەوە لە ئاگادارییەکدا بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی، زانکۆى راپەڕین رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکە دابەشدەکرێت.
ئاراز رەمەزان، وتەبێژى زانکۆى راپەڕین بە دواڕۆژى راگەیاند، دواى ئەوەى وەزارەتى دارایى ئاگادارى بڵاوکردەوە کە لیستى موچە بنێرنە گەنجینەگان، ئێمە لیستەکەمان ئامادەبوو و نارمانە گەنجینە و کارەکانمان تەواوبوو و بەهۆیەوە ئاگادارکراین بچین موچەى مانگى شوبات وەرگرین.
وتیشى، بەڵام موچەکەمان بە دوو رۆژ واتە ئەمڕۆ چوارشەممە 16 ى ئازار و سبەى پێنجشەممە 17 ى ئازار پێدەدرێت.
دوارۆژ