پەرلەمانتارێکی پارتی، ئامادەیی حزبەکەی بۆ گۆڕینی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێم دەردەبڕێت، ڕاشیدەگەیەنێت: گۆڕانکاری لەھەر پۆستێکدا بێت ئاساییە، بەڵام دەبێت شێوازی گۆڕانکاریەکە دیاری بکرێت.
لەیاداشتێکدا کە ئاراستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی کردووە، فراکسیۆنی سەوز لەپەرلەمانی کوردستان بۆچوونی خۆی ئاشکراکردوەو ئەوەیخستۆتەڕوو، سەرەڕای ئاساییکردنەوەی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم، دەبێت ئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان بگۆڕدرێت.
لەوبارەیەشەوە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی، ئامادەیی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی ھەر گۆڕانکاریەک دەربڕی و ڕایگەیاند: بڕوای تەواومان بەگۆڕانکاری ھەیە.
شوان شێخ ئەحمەد وتی:"مەسەلەی چاکسازی زۆر ئاساییەو بڕوامان بەگۆڕانکاری تەواو ھەیە، زۆربەی پۆستەکانیش قابیلیان گۆڕانکاریە، بۆیە گۆڕانکاری لەھەموو پۆستێک لای ئێمە قبوڵکراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت بەر لەھەر شتێک، شێوازی گۆڕانکاریەکان دیاری بکرێن.
ئەو پەرلەمانتارە نەیشاردەوە کە بەھۆی پۆستەکەیەوە، گلەیی زۆر لەئاشتی ھەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان ھەیەو ئەوەشی وت:" ھۆکاری سەرەکی گلەیی و ڕەخنەکانیش بۆ دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە".
ئاشکراشیکرد: ھەر گۆڕانکاریەک خەڵکی کوردستان پێیان باش بێت و حکومەت پەسەندی بکات، زۆر ئاساییەو ھەر دەبێت بکرێت.
