سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا بڕیاریداوە مووچە بۆ کەسوکاری شەهیدێک ببڕیتەوە و مووچەی یەکێکی تریش زیاد بکات کە بڕەکەیان سەرو ملیۆنێک دینارە، لە کاتێکدا حکومەت پلانی کەمکردنەوەی مووچەی هەیە.
بەپێی دوو بەڵگەنامە کە لڤین بڵاوی كردۆتەوە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی شوباتی ٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە نوسراوی ژمارە ١٥٠ فەرمانی دەرکردووە بۆ زیادکردنی مووچەی میراتگری شەهیدێک لە ٤٥٠ هەزار دینارەوە بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بەپلەی سەرکردایەتی.
هاوکات بە پێی نوسراوێکی هاوشێوە کە لە هەمان ڕۆژ دەرچووە، سەرۆکی حکومەت بە نوسراوێک بڕیاری داوە بە بڕینەوەی مووچە بۆ میراتگرێکی شەرعی شەهیدێک بە بڕی یەک ملیۆن و دوانزە هەزار دینار بە پلەی ئامرهێز.
لە هەردوو نوسراوەکەی نێچیرڤان بارزانیدا ئاماژە بەوەکراوە لە ڕۆژی دەرچوونی نوسراوەکەوە، بڕیارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەرکردنی ئەم بڕیارانە لە کاتێکدایە پێشتر لە سەر داوای ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی بەرزکردنەوەی پلەو و دامەزراندی هەر فەرمانبەرێکی بە فەرمی ڕاگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایە.
