
قادر رەزگەیی ئەندامی پەرلەمانو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "ناتوانین بڵێن بڕیارەكەی بارزانی لە هیچ یەكەیەكی سەربازی و پێشمەرگە جێبەجێ نەكراوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی جێبەجێ نەكراوە، لەهەندێك شوێن جێبەجێ كراوە ولە هەندێكیش جێبەجێ نەكراوە".
وتیشی "بەدواداچونمان كردوە و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و بەرپرسی میحوەرەكان قسەمان كردوە، لەهەندێك شوێن جێبەجێ نەكردنی بڕیارەكە بۆ ئەوە گەڕێندرایەوە كە بڕیارەكەیان بەدەست نەگەیشتوە، بەڵام وەزیری پێشمەرگە تەئكیدی كردەوە كە گشتاندنی بۆ هەمو لیوا و فەرماندەییەكان كراوە".
رەزگەیی باسی لەوەشكرد "هەندێك لە لیواكان وتویانە رێژەی تاقانەكان لەناو لیواكەیاندا زۆرە بۆیە جێبەجێیان نەكردوە، بەڵام هیچ پاساوێك نەبو بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكرێت".
لەسەرەتای دروستبونی شەڕی داعش، مەسعود بارزانی بڕیارێكی دەركرد كە چونی پێشمەرگە تاقانەكان بۆ بەرەكانی جەنگ قەدەغەیە ونابێت بەشداری لە شەڕدا بكەن، بەڵام لەمیانەی ئەو شەڕەدا چەندین پێشمەرگەی تاقانە شەهید كران.