
پارتی دیموکراتی کوردستان پێداگری لەسەر ھەوڵەکانی بۆ بەدەستھێنانی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان دەکات و ئەندامێکی سەرکردایەتی ئەو حزبەش، ناوی ئەو لایەنانە ئاشکرا دەکات کە دژی سەربەخۆیی کوردستانن، دەشڵێت: ماڵی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا ئاوا نەبێت کە ئێمەیان بەم دۆخە گەیاند.
نەجات حسێن ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: مەسعود بارزانی ھەمیشە ھەوڵیداوە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لەوبارەیەشەوە بەردەوام دەبێت.
وتیشی: یەکێتی لە ھەندێ بابەتدا لەگەڵ پارتی ھاوڕایە، بەڵام ھەندێ کەس لەناو حزب و لایەنە سیاسییەکاندا بۆچوونی نامۆ دەردەبڕن و مەترسی خۆیان لەبارەی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان نیشانداوە، تەنانەت بە خودی بارزانیشیان وتووە کە ئەوەی تۆ باسی دەکەیت لەبارەی سەربەخۆیی و بەدەستھێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی، مەترسییەکی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت.
ئەو سەرکردەیەی پارتی، ھەریەک لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی کوردستان تاوانبار کردو وتی: خوا ماڵی گۆڕان و رێکخەرەکەی خراپ بکات کە دۆخی ھەرێمی کوردستانیان ئاڵۆزکرد.
لەبارەی ھەوڵەکانیش بۆ ھێورکردنەوەی دۆخی ھەرێم، نەجات حسێن رایگەیاند: پارتی بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەر شانەو ھەمیشە ھەوڵیداوە بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە.
داواشیکرد، یاسا رێچکەی خۆی وەربگرێت لەسزادانی خەڵک و دادگایکردنیان.
ئەم داوایەش لەکاتێکدایە پارتی دیموکرات بە تۆمەتی ھەوڵدان بۆ نانەوەی پشێوی لە ھەرێمی کوردستان، سکاڵای لەسەر نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان تۆمارکردووە.