

قوباد تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، چەند وێنەیەکی لەکاتی بەشداریکردنی لە مەراسیمی راگەیاندنی کۆتایی ئەنجامەکانی پرۆسەی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی ھەرێم بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە کۆمێنتەکاندا، گەنجێک چەند پرسیارێکی ئاراستە کردووەو جێگری سەرۆکی حکومەتیش بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە:
پ- ئەوە تۆ ھەرگیز کارەبات لێ بڕاوە؟
و- بەڵێ رۆژی ھەینی ١٥ جار کارەبام لێ بڕا
پ- ھەرگیز شەوان بە دیار چراوە دانیشتووی؟
و- بەڵێ لە دوای ٣١ی ئـاب لە زەڵێ بێ کارەبا بووین
پ- شەوێ سەرە محاویلەتان ھەبووە؟
و- نەخێر
پ- ئەوە ھەرگیز ویژدانت ئازاری داوی؟! شەوێ ھەستت بە تاوان کردووە و خەوت لێنەکەوتبێ؟
و- نەخێر، بێگەرد نیم، بەڵام ھەست ناکەم تاوانێکم کردبێت کە نەیھێشتبێت شەو خەوم لێ بکەوێت
پ- ئەوە ھەرگیز مۆلیدەکەتان شکاوە؟
و- ھەندێ جار موەلیدەکەم پەکی دەکەوێت
پ- بەیانیان سەرت بە ئاوی سارد شتووە؟!
و- بەڵێ، ھەندێ بەیانی ئـاویشم نەبووە
پ- ئەوە تۆ وەک پێشمەرگە و پۆلیس لە بەفر و باراندا خزمەتی میللەتت کردووە؟
و- نەخێر من رێزم ھەیە بۆ پۆلیس و پێشمەرگە و کارمەند و ئـەفسەری ئـاسایش، بەڵام بەندە فەرمانبەرێکی مەدەنیم
پ- ھەرگیز چاوەڕێی مووچەت کردووە؟
و- بەڵێ کە خوێندکار بووم زۆر جار ٢-٣ ئـیشم دەکرد و ھەندێک جار مووچەم دوادەکەوت
پ- ئەوە تۆ چاوەڕێی بەرمیلێ نەوتت کردووە؟!
و- نەخێر
پ- ھەرگیز کرێ خانووت یاوە؟
و- بەڵێ، لە تەمەنی ٢٢ ساڵییەوە تاکو تەمەنی ٢٧ ساڵین کرێچی بووم و ھیچ لام عەیب نەبوو، لام زۆر ئـاسایی بوو، ھەتا دواتریش کە دوای گواستنەوەی خێزانم کرێی خانووەکەمان بە قیست ئـەدایەوە
پ- مناڵەکانی تۆ ڕۆژانەکەیان ٢٥٠ دینارە؟!
و- نەخێر رۆژانەی ھیچی نادەمێ، ئـەمەوێت فێری ئـیش بێت و نەک تەنھا پارە یان مووچە بە بێ بەرامبەر وەربگرێت
پ- ئەرێ ھەرگیز مناڵی سەرشەقامەکان جامە ڕەشەکانی سەریارەکەی تۆیان پاککردۆتەوە؟!
و- نەخێر....بەڵام جامی سەیارەکانم رەش نین