نوێترین

recent

09/12/2015

گۆڕان ھۆکاری وەرگرتنی ھەشت ملیار دۆلارەکەی سعودیە لەلایەن بارزانییەوە ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی سەردانەکەی مەسعود بارزانی بۆ تورکیا دێتە دەنگ و ڕەتیدەکاتەوە، بارزانی بتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر ببینێت، ڕاشیدەگەیەنێت: پارتی و بارزانی ھیچ پەیوەندییەکیان بەھەرێمەوە نەماوەو ئەو ٨ ملیار دۆلارەشی لەلایەن سعودیەوە پێیدراوە، بۆئەوەیە سیاسەتە ھەڵەکانی پێ ڕاست بکاتەوە.
دوای سەردانە سێ ڕۆژیەکەی بۆ وڵاتانی سعودیەو ئیمارات، بڕیارە سبەینێ مەسعود بارزانی سەردانی تورکیا بکات، ئەو سەردانەش لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم ھەفتەیە، ھێزێکی سوپای عیراق لەسنوری پارێزگای موسڵ جێگیرکراو نیگەرانی و ناڕەزایەتی حکومەتی عیراقی لێکەوتەوە.

لەبارەی ئەو سەردانەوە، مەحمود ڕەزا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ڕایگەیاند: سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا پەیوەندی بەو تەوەربەندییەوە ھەیە کە لەنێوان حزبەکانی ھەرێمی کوردستان دروستبووە، پارتی بەیەکجاری خۆی بەلای محیوەری تورکیاو سوننەوە یەکلاکردۆتەوەو ھیچ پەیوەندییەکیشی بەھەرێم و بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردەوە نەماوە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، لە بێدەنگیی حزبەکانی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لەکاتژمێر ١٢ی شەوی ١٩ی ئابی ئەمساڵەوە شەرعیەتی نەماوە، مەسعود بارزانی ئینتیحالی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کردووەو دەسەڵاتەکانی ئەو پۆستە بەزیادەوە بەکاردەھێنێت.
لەبارەی دەنگۆی نێوەندگیری نێوان ئەنکەرەو بەغداش لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران بەدووری دەزانێت بارزانی بتوانێت کارێکی لەو جۆرە بکات و دەشڵێت:" بارزانی لەو قۆناغە چۆتە دەرەوە کە نێوەندگیری بکات، چونکە خەڵک و ھەموو ڕژێمەکانی ناوچەکەش دەزانن خۆی یەکلاکردۆتەوە بەمیحوەری سوننەدا".
مەحمود ئەمین ئاشکراشیکرد مەسعود بارزانی لەسعودیە ھەشت ملیار دۆلاری وەرگرتووە بۆئەوەی حزبەکەی لەو قەیرانانە ڕزگار بکات کە بەھۆی سیاسەتە ھەڵەکانییەوە تێیکەوتووە.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان جەختیشیکردەوە لەوەی بارزانی و پارتی ناتوانن ببن بەنێوەندگیرو وتی:" بارزانی و پارتی موئەھەل نین بۆئەوەی ببن بەنێوەندگیر، ئەوەش یەکێکە لەکێشەکانی گەلی کورد کە بەھۆی ئەو حزبەوە ڕوبەڕووی بۆتەوە".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085